نوێنەری كوردانی ئێزدی: پیلانی پەكەكە جێگەی قبووڵ نییە و دژی دەوەستینەوە

هەولێر-KDP.info- نوێنەری كوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، (سەرۆك بارزانی) و پارتی، شنگال و شنگالییەكان دەپارێزن، هیچ كەس و لایەنێك بۆی نییە دەست بخاتە ناو كاروباری شنگالەوە، چونكە بەپێی زانیارییەكان پەكەكە دەیەوێت دوای رزگاركردنی شنگال لە داعش، داگیری بكەن.
(شێخ شامۆ) نوێنەری كوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "شنگال سەر بە هەرێمی كوردستانە و خەباتی پەكەكە و پەیەدەیش لە باكوور و رۆژئاوای كوردستانە، ئەوان هیچ پەیوەندییان بە شنگالەوە نییە، هیچ كاتێك هاتنی ئەوان بۆ هاوكاریكردنی خەڵكی شنگال و ئازادكردنی ئەو ناوچانە نەبووە، بەڵكە هاتنی ئەوان بۆ مەرامی خۆیان و لێدانی پارتی و تێكدانی بارودۆخی ناوچەكە بووە".
(شامۆ) گوتیشی: "بەردەوام پەكەكە كار بۆ تێكدانی ڕەوشی ناوچەكە دەكات و ئەوەیش بووەتە پیشەیان، ئێستایش دەیانەوێت كێشە و ئاڵۆزی بنێنەوە بە تایبەت كە ئێستا بە سەرپەرشتیی (سەرۆك بارزانی) ئامادەكاری دەكرێت بۆ ئازادكردنی شنگال و ناوچەكانی دیكە، لەگەڵ ئەوەیشدا دەیانەوێت دوای وەدەرنانی داعش، ئەوان شنگال داگیر بكەن."
نوێنەری كوردانی ئێزدی دەشڵێت: "ماوەی ساڵێكە ئەوان لە كوێ بوون، بۆ تا ئێستا شنگالیان ئازاد نەدەكرد و نەدەچوونە ناو شنگالەوە، بۆیە ئەوەی ئەوان دەیكەن، فیتنە و دووبەرەكییە و پیلانی ئەوانیش، پیلانی دوژمنە و ئەوەیش لای ئێمە جێگەی قبووڵ نییە و دژی دەوەستینەوە".
ڕابین شێروانیر




