٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فه‌رمانده‌ی زێره‌ڤانی ده‌نگۆیه‌ك بەدرۆ دەخاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- بەرپرسی ڕاگەیاندنی فەرماندەی هێزەكانی زێرەڤانی ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەكاتەوە كەباس لەوە دەكەن كە هێزەكانی زێرەڤانی كەمووكورتیان هەیە لەرووی پێداویستی سەربازی و كەم ئەزموونی پێشمەرگەكانیان. دەیشڵێت" هیزەكانمان تەواوی چەكی پێشكەوتوویان لە بەردەستە و فەرماندەی زۆر بە ئەزمونیشمان هەیە."

چەند میدیایێك بڵاویان كردووەتەوە كە گوایە "هێزی زێرەڤانی كەموكورتییان هەیە لە دابینكردنی چەك ‌و كەرەستەی سەربازیدا، بەشێك لەو پێشمەرگانەی زێڕەڤانی كە لەبەرەكانی پێشەوەی شەڕدان، زۆر گەنجن‌ و هیچ ئەزمونێكی شەڕكردنیان نییە".

لەم بارەیەوە (دكتۆر ئازاد حەوێزی) بەرپرسی ڕاگەیاندنی فەرماندەی هێزەكانی زێرەڤانی بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتیی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "نازانم كێ زڕەخەوی دیوە و دەنگۆی وای بڵاو كردووەتەوە. هێزەكانی زێرەڤانی سەرجەمیان ڕاهێنانی سەربازی تەواویان پێكراوەو زۆر تۆكمەن بە زانستی سەربازی، بەتایبەت ئەوانەی كەوا لە سەنگەرەكانی پێشەوەی شەڕدان كەسانی زۆر بەئەزموونن و گەنجی زۆر توانایشیان تێدایە و فەرماندەكانیان تەمەنێكیان لەناو ژیانی پێشمەرگایەتی بەڕێ كردووە.

گوتیشی كه‌ لەسەرەتای شەڕی داعشیشەوە تا ئێستا هێزەكانی زێرەڤانی دەیان داستان و نەبەردی زۆر مەزنیان تۆمار كردووە و، پشكی شێریان بەركەوتووە لە تێكشكاندنی هێرشەكانی تیرۆریستان. هێزی زیرەڤانی بەبروابەخۆبوون و ورەیەكی بەرزەوە لە ڕیزەكانی پێشەوەی شەردان، كەسانی وایان تێدا هەیە كە مۆڵەتیشی پێ دەدرێت بۆ ئەوەی بچێتەوە ماڵ بەڵام لەبەر خۆشەویستی نیشتمانەكەی ئامادە نابێ سەنگەر بەجێ بێڵێت.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی فەرماندەی هێزەكانی زێرەڤانی دوپاتیشیكردەوە "لەروی چەك‌وتفاقیشەوە هێزەكەمان زۆر تۆكمەیە و ئیمكانیەتێكی زۆر باشمان هەیە بەورادەیەی كە بەبێ كێشە ڕووبەڕووی تیرۆریستان ببینەوە. جۆرەها چەكی پێشكەوتووشمان لەبەرەكانی پێشەوەی شەڕدا لەبەردەستە. هەركاتێكیش لە بەرەكانی پێشەوە پێویستیان بە چەك بێت ئەوا سەرجەم پێداویستیەكانمان بەدەست دەگات بە زوترین كات. بۆیە هەركەسێك و میدیایەك هەواڵی لەم شێوەیە بڵاو بكاتەوە دژمنی خەڵكی كوردستانە و دژ بە بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان كار دەكات و چاوی بە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە هەڵنایەت. بۆیە ئەم قسانە تەنها پڕوپاگەندە و قسەی بێمانان."

سەرباز واحد
 

هەواڵی پەیوەندیدار