٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كه‌ركووكی: ئه‌و فڕۆكه‌یه‌ی سنووری پێشمه‌رگه‌ی بۆردومان كردووه‌، ڕەنگە عێراقی بووبێت

سەرچاوە: KDP.info

ڕۆژئاوای كه‌ركووك-KDP.info-   بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک ئاشکرای کرد، ماوەی دوو ڕۆژە فڕۆکەیەکی جەنگی لە میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک سنوری ھێزی پێشمەرگە بۆردومان دەکات و، گومان دەکەین فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق بن؛ ئاخر پەیوەندیمان بە ھاوپەیمانانەوە کردووە دەڵێن فڕۆکەی ئەوان نەبوو، جا بۆیە داوا دەکەین لێکۆڵینەوە بکرێت.

بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک (د. کەمال کەرکووکی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە دوێنێوە ئەمە سێیەم جارە فڕۆکەیەک لە میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک لە نزیک گوبێبە کە سنووری ھێزی پێشمەرگەیە بۆردومان دەکات و، هیچ داعشی لێ نییە! خۆشبەختانە ھیچ زیانێک بەر ھێزی پێشمەرگە نەکەوتووە."

(د. کەمال کەرکوکی) گوتیشی، دوای بۆردومانەکان پەیوەندیمان کرد لەگەڵ ھاوپەیمانان و، بەغدا باس لەوە دەکەن ئێمە نین، بەڵام گومان دەکەین کە فڕۆکەکانی بەغدا بن، چونکە ١٥ ڕۆژ لەمەوبەر فڕۆکەیەکی جەنگی، سنووری ھێزی پێشمەرگەی لەنێوان گوبێبە و مزیریەدا بۆردومان کرد، پاشان دەرکەوت کە فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق بوونە.
بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک گوتیشی، ئێمە ھەماھەنگییەکی باشمان لەگەڵ فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانان ھەیە، بۆیە بڕوا ناکەین ئەوان بن ئەو ناوچەیان بۆردومان کردبێت.
(کەرکووکی) ڕوونیشی کردەوە، داوا دەکەین لێکۆڵینەوە بکرێت، بۆ ئەوەی ئاشکرا بێت ئەو فرۆکانە ھی کێن کە ئەو ناوچەی ھێزی پێشمەرگەیان بۆردوومان کردووە، بۆ ئەوەی دووبارە نەبێتەوە.
بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار