سیاسەتی بەرهەمهێنانی نەوت و بەبازاڕكردنی لە گەشەسەندندایە.. هەرێم بەغدای ناچار كردووە دانوستانی لەگەڵدا بكات

بەغدا-KDP.info- حكوومەتی هەرێم بەو پێیەی لە ئێستادا سەربەخۆ نەوتی خۆی دەفرۆشێت، دەتوانێت ڕاشكاوانە لەگەڵ بەغدا قسە بكات و ملكەچی بكات كە سازش بۆ هەرێم بكات و پابەند بێت بە رێككەوتنەكانەوە، چونكە توانیویەتی لە ماوەیەكی كەمدا فرۆشتنی نەوت لە 250 هەزارەوە بۆ 550 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا بەرز بكاتەوە، ئەمەیش ئەوە دەگەیێنێت كە سیاسەتی بەرهەمهێنانی نەوت و بەبازاڕكردنی لە گەشەسەندندایە و سەركەوتوو بووە.
(دڵشاد شەعبان) جێگری سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سرووشتییەكان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "یاسای 2015ـی عێراق هەیە و بەركارە و حكوومەتی هەرێم پابەند بووە بەو ڕێككەوتنەوە، بەڵام بەغدا پێیەوە پایەند نەبووە، جا لەبەر ئەوە شاندی حكوومەتی هەرێم كە دەچێتە بەغدا زۆر تەركیز لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە ئەو نەوتەی لە هەرێمی كوردستان و كەركووك هەیە، هەر دوولا ڕێك دەكەون كە چۆن ئەو نەوتە بفرۆشن، ئەگەر حكوومەتی عێراق بوودجە و مووچە و بوودجەی تەشغیلی هەرێمی كوردستان هەمووی ڕەوانە نەكات، زۆر زەحمەتە هەر دوو لا بگەنە ڕێككەوتن، باشتریش وایە لەسەر شێوازی فرۆشتنی نەوت ڕێك بكەون، نەك لەسەر بوودجە".
(شەعبان) گوتیشی: "ئەگەر لایەنەكان و حكوومەتی عێراق وا هەست بكەن حكوومەتی هەرێم بگەڕێتەوە خاڵی دەستپێك لەگەڵ بەغدا و هەرچی نەوتی هەیە ڕادەستی بەغدای بكات، ئەوە مەحاڵە، ئێستا حكوومەتی هەرێمی كوردستان 550 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا دەفرۆشێت، لەگەڵ 150 هەزار نەوتی كەركووك كە هەمووی ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ دەكات".
ئاماژەیشی دا كە، چوونی شاندی حكوومەتی هەرێم بۆ بەغدا، بۆ ئەوە نییە كە سیاسەتی نەوت لە هەرێمی كوردستاندا سەركەوتوو نەبووە، بەڵكە سەركەوتنی سیاسەتی نەوتی هەرێم، خۆی لە فرۆشتنی نەوتدا دەبینێتەوە، چونكە ئەمجارە جیاوازە و حكوومەتی هەرێم نەوتی خۆی دەفرۆشێت و بەغدای ناچار كردووە كە لەگەڵ حكوومەتی هەرێمدا دەست بە دانوستان بكات، چونكە توانیویەتی لە ماوەیەكی كەمدا فرۆشتنی نەوت لە 250 هەزارەوە بۆ 550 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا بەرز بكاتەوە، ئەمەیش ئەوە دەگەیێنێت كە سیاسەتی بەرهەمهێنانی نەوت و بەبازاڕكردنی لە گەشەسەندندایە و سەركەوتوو بووە، بەڵام بە هۆی دابەزینی نرخی نەوت لە جیهاندا، رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت چەند زیاتر بێت، ناگاتە ئاستی ساڵانی رابردوو".
رابین شێروانی




