٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی و نوێنەری تایبەتی ئۆباما كۆ بوونەوە

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 27/10/2015 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان له‌گه‌ڵ (برێت مەكگۆرك) نوێنەری نوێی تایبەتی (باراك ئۆباما) سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە هاوپەیمانیی دژی تیرۆرستانی داعش و شاندێكی سەربازی و دیپلۆماسیی یاوەریدا، كۆ بووه‌وه‌.

لە دیدارێكدا باس لە بارودۆخی بەرەكانی جەنگ لە دژی تیرۆرستانی داعش و سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی كوردستان كرا و لەمبارەیەوە (مەكگۆرك) دووپاتی كردەوە، كە ئەمەریكا پاڵپشتی پێشمەرگەیە و لەو پاڵپشتیەشی بەردەوام دەبێت. هەروەها ئەو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەی بەرز نرخاند كە هێزی دژە تیرۆری هەرێمی كوردستان و سەربازانی ئەمەریكا لە حەویجە و لەناو جەرگەی دەسەڵاتی تیرۆرستانی داعش بۆ ڕزگاركردنی 69 بەندكراوی بە سەركەوتوویی ئەنجامیان دا و دووپاتی كردەوە ئەمە ئەوە دەردەخات كە هێزی پێشمەرگە پاراستنی هەموو هاووڵاتیانی عێراق بە بێ جیاوازی، بە ئەركی سەرشانی خۆی دەزانێت.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا تیشكی خستە سەر پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و كێشە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان و هیوای خواست هەموو كێشەكان چ ئەوانەی لە نێوان هەولێر و بەغدا و چ ئەوانەی لە ناوخۆی هەرێمدا هەن، بە ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەر بكرێن.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان وێڕای پیرۆزباییكردن لە (ماكگۆرك) بۆ وەرگرتنی پۆستی نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا لە هاوپەیمانیی دژی تیرۆرستانی داعش كە بڕیارە مانگی داهاتوو بە شێوەیەكی فەرمی دەست بە كارەكانی بكات، سوپاسی ئەو سەردانە و هاوكارییە بەردەوامەكانی ئەمەریكای بۆ پێشمەرگە كرد و سەرەخۆشیی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی بۆ گیانلەدەستدانی ئەو سەربازە ئەمەریكییە دەربڕی كە لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكەی حەویجەدا گیانی لە دەست دا.

لە بارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و كێشە ناوخۆییەكانی هەرێمیشەوە، (نێچیرڤان بارزانی)، شاندی ئەمەریكای دڵنیا كردەوە كە حكوومەتی هەرێم هەوڵی جیددی دەدات هەموو گرفتەكانی لەگەڵ بەغدا و كێشە ناوخۆییەكان بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەر بكات.

تاوتوێكردنی دوا پێشهاتەكانی ناوچەكە بەگشتی و بەتایبەتی عێراق و هەرێمی كوردستان و تۆكمەكردنی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

هەواڵی پەیوەندیدار