ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك دوو بەڕێوەبەری گشتی بانگهێشت دەكات

دهۆك-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك دەڵێت، لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگادا، بانگهێشتی بەڕێوەبەرێكی گشتی كراوە و، بەڕێوەبەرێكی گشتیی دیكەیش بانگهێشت دەكرێت.
(جەمیلە محەممەد ئیسماعیل) ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: "لە دانیشتنی پێشتری ئەنجوومەندا بڕیارمان دا بانگهێشتی بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان لە پارێزگای دهۆك بكەین، بۆیە ئەمڕۆ دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگا بەڕێوە دەچێت و ئەو بەڕێوەبەرە گشتییەیش لە دانیشتنەكەدا ئامادە دەبێت".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك ئاماژەیشی دا: "بانگهێشتكردنی بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان لە شارەكەمان بۆ ئەوەیە تا بزانین ئەو كێشە و گرفتانەی لە رووی وەبەرهێنانەوە لە سنووری پارێزگای دهۆك هەن چین، چونكە ئاگادار كراوینەتەوە كە ژمارەیەك كێشە هەن".
(جەمیلە) گوتیشی: "لە دوای ئەم بەڕێوەبەرە گشتییە، دەمانەوێت بانگهێشتی بەڕێوەبەری گشتیی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدانیش بكەین بۆ ئەوەی لە دانیشتنی ئەنجوومەندا ئامادە بێت، بەڵام تا ئێستا كاتەكەی دیاری نەكراوە".
نەشوان بەرزنجی




