٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  له‌دیداریدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی كوردستاندا وه‌زیری به‌رگری ئه‌ڵمانیا رایگه‌یاند كه‌ هاوكارییه‌ سه‌ربازی و مرۆییه‌كای وڵاته‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 27/10/2015 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوزای لە خاتوو ئۆرسۆلا ڤۆندێر لاین وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا و شاندێكی سەربازی و دیپلۆماسیی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا خاتوو لاین خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و ئاماژەی بەوە دا كە بە بەراورد لەگەڵ سەردانی پێشووی، پێشكەوتنێكی بەرچاو لە بواری مەشق و ڕاهێنانی پێشمەرگە هاتۆتە ئاراوە و ئەوان شانازی بە هێزی پێشمەرگەوە دەكەن كە ناوبانگێكی جیهانی بەدەست هێناوە و ئەو جۆش و خرۆشەی لە ناوەندەكانی مەشق و ڕاهێناندا لە پێشمەرگە بەدی دەكرێت، جێگەی خۆشحاڵی و شانازییە كە بە دیسپلین كارەكانی خۆیان ئەنجام دەدەن و توانیویانە ئەفسانەی تیرۆرستانی داعش تێكبشكێنن و ڕاهێنەرە ئەڵمانییەكانیش شانازی بە هێزی پێشمەرگەوە دەكەن.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئامادەییی وڵاتەكەی دەربڕی كە جگە لە بواری سەربازی، لە هەموو بوارەكانی دیكەشدا هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات بە تایبەتی هاوكارییكردنی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە ترسی تیرۆر ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و دانانی پلانێك بۆ هاوكاریكردنی خەڵكی ئەو دەڤەرانەی لە دەستی تیرۆرستان ڕزگار كراون. جەختی لەوەش كردەوە كە پێویستە كێشە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەر بكرێن و ئەولەویەتی كارەكان لە قۆناغی ئێستادا ڕووبەڕووبوونەوە و نەهێشتنی مەترسیی تیرۆر بێت.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دڵخۆشیی خۆی بەو سەردانە دەربڕی و سوپاسی خەڵك و حكوومەتی ئەڵمانیای كرد كە هەر لەسەرەتای هێرشەكانی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان، هاوكاریی هەرێمی كوردستانیان كردووە بە تایبەتی كە ناوەندێكی مەشق و ڕاهێنانیان بۆ هێزی پێشمەرگە كردووتەوە و لەم بارەیەشەوە هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و ئەڵمانیا و وڵاتانی هاوپەیمانی بەرز نرخاند و هیوای خواست ئەو هاوكاری و هەماهەنگییە تۆكمەتر بكرێن و بە گوێرەی ئەو گۆڕانكارییانە بن كە لە بەرەكانی جەنگ دروست بوون.

سەبارەت بە كێشە ناوخۆییەكانیش، ئاشكرای كرد كە ئەو كێشانە هیچ كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر مۆراڵی پێشمەرگە لە بەرەكانی جەنگ نەبووە و لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانیش بەردەوام دەبن بۆ چارەسەركردنیان. ئەوەشی خستە ڕوو كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە هەر هاوكارییەكی سەربازی و مرۆیی دەكات بە تایبەت كە ژمارەیەكی یەكجار زۆر ئاوارە و پەنابەر لە ترسی تیرۆر ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و سەرباری قەیرانی دارایی و ئابووری، بارگرانییەكی زۆری بۆ حكوومەتی هەرێم دروست كردووە.
تاوتوێكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتانی دەوروبەر و دوا پێشهاتەكانی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
 

هەواڵی پەیوەندیدار