620 پێشمەرگە بۆ چارەسەر ڕەوانەی دەرەوە كراون

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە دەڵێ، تاكو ئێستا حكوومەتی هەرێم كەمتەرخەم نەبووە لە ناردنەدەرەوەی ئەو بریندارانەی كە پێویستیان بە چوونەدەرەوەی وڵات هەیە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست، زۆر كەناڵیش كراوەن بۆ رەوانەكردنی بریندارەكان و زۆر وڵات بەردەوام لە پەیوەندیدان و چارەسەری بریندارەكانی هێزی پێشمەرگە دەكەن.
(ئاری هەرسین) سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "زۆرینەی بریندارەكانی شەڕی نەگریسی تیرۆریستانی داعش لە هەرێمی كوردستان بە باشی و بە بێ كێشە چارەسەر وەردەگرن، تاكو ئێستایش حكوومەتی هەرێم كەمتەرخەم نەبووە لە ناردنەدەرەوەی ئەو پێشمەرگانەی كە پێویستیان بە چوونەدەرەوەی وڵات هەیە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست".
(هەرسین) هیواخوازە كە پێویستمان بە ناردنەدەرەوەی بریندارەكان نەبێ و هیچ پێشمەرگەیەك بریندار نەبێ، بەڵام دەڵێت، زۆر كەناڵ كراوەن بۆ رەوانەكردنی بریندارەكان و زۆر وڵات بەردەوام لە پەیوەندیدان و چارەسەری بریندارەكانی هێزی پێشمەرگە دەكەن.
سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە ڕوونیشی كردەوە: "رێژەی بریندارەكانی هێزی پێشمەرگە لە سەرەتای شەڕی داعشەوە بە بەراوردی ئێستا زۆر زۆری جیاوازیی هەیە، لە ئێستادا هێزی پێشمەرگە بە تاكتیك و بەرنامەی باشتر ڕووبەڕووی تیرۆریستان دەبنەوەو چەكی پێشكەوتووتریشیان بەدەست گەییشتووە و داعشیش ئەم هێزەی نەماوە، باقییەكەی پێشمەرگە شەرێكی زۆر رێك و پێك و پرۆفیشناڵ دەكات و چەنسی برینداربوونی هێزی پێشمەرگە زۆر كەم بووەتەوە."
بەپێی دوائامار، وەزارەتی پێشمەرگە لە كۆی ئەو پێشمەرگە بریندارانەی لە شەڕی دژ بە داعش بریندار بوون، تا ئێستا 620 پێشمەرگەی بۆ مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی ڕەوانەی دەرەوەی هەرێم كردوون.
سەرباز واحد




