٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێنج داعشی دیكە خۆیان رادەستی پێشمەرگە كرد

سەرچاوە: KDP.info

گوێڕ-KDP.info-  جێگری فەرماندەی فەرماندەیی هەولێر دەڵێت، ئەمشەو 5 داعش لە گوندی تەلەریمی میحوەری گوێڕ خۆیان رادەستی هێزی پێشمەرگە كردووە. دەشڵێت، داعش لە هەموو روویێكەوە شكستی خواردووە و خۆڕادەستكردنی داعشان بووەتە دیاردە.

عەمید (سەردار مۆرتكە) جێگری فەرماندەی فەرماندەیی هەولێر، بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتیی‌ دیموكراتی كوردستان راگەیاند: "سەعات 12ـی شەوی ڕابرد، پینج چەكداری داعش بە بێ چەك لە گوندی تەلەریم لە میحوەری گوێڕ خۆیان رادەستی هێزەكانی پێشمەرگە كرد. ئەم خۆڕادەستكردنانەیش پووكانەوە و شكستی داعش دەردەخات".

(مۆرتكە) پێوەست بە هۆكاری خۆرادەستكردنی تیرۆریستان گوتی: "داعش لە هەموو ڕوویێكەوە شكستی بردووە، ئەم چەكدارانە بە هۆی تۆقاندن و زوڵم و زەبری داعش ڕادەكەن، سەرەتا داعش ئیمكانیاتێكی باشیان هەبوو و خەڵكێكی زۆری ناوچەكان چوونە ریزەكانیان، بەڵام ئێستا داعش خاوەنی ئابوورییەكی داڕماوە، لەملایشەوە لە سووریا زۆر باش كوتراون، ئەمەیش كاریگەریی تێ كردوون، بۆیە پۆل پۆل چەكدارانی داعش رۆژانە خۆیان رادەستی هێزەكانی پێشمەرگە دەكەن و، خۆڕادەستكردن لەناو تیرۆرستاندا بووەتە دیاردە."

جێگری فەرماندەی فەرماندەیی هەولێر ئاماژەیش دەدات، ماوەیەك لەمەوبەر لە سنووری گوندی مهێدی، داعش خۆیان رادەستی هێزی پێشمەرگە دەكرد، بەڵام ئێستا رێگاكەیان گواستووەتەوە و دێن لە سنووری گوندی سوڵتان عەبدوڵڵا و جاروڵا و تەلەریم خۆیان بەدەستەوە دەدەن.

سەرباز واحد
 

هەواڵی پەیوەندیدار