٣٦ قوتابخانە كراونەتەوە.. ئەمڕۆ پەرتووك بۆ قوتابخانەكانی سەر چیای شنگال دابین كرا

شنگال-KDP.info- ٣٣ قوتابخانە لەناو كەمپەكان و ٣ قوتابخانەیش لە سنووری سنوونێ و سەر چیای شنگال بۆ ئاوارەكانی ناوچەكە كراونەتەوە، ئەمڕۆیش پەرتووك بۆ قوتابخانەكانی سەر چیای شنگال دابین كران.
(حوسێن خدر) بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "لەناو تەواوی كەمپەكانی سنووری پارێزگای دهۆك قوتابخانە بۆ ئاوارەكان كراونەتەوە، لەسەر چیای شنگالیش ٣ قوتابخانە كراونەتەوە و ئەمڕۆیش پەرتووكیان بۆ دابین كراوە، واتە لە هەموو ئەو ناوچانە ٣٦ قوتابخانە كراونەتەوە و زیاتر لە ٢٤هەزار قوتابی لەو قوتابخانانەدا دەخوێنن، رۆژانە دەوام بە شێوەیەكی ئاسایی بەڕێوە دەچێت و هیچ كێشە و گرفتێك نییە".
گوتیشی: "لە هەر شوێنێك پێویست بێت، قوتابخانە دەكەینەوە، بە تایبەتی لەسەر چیای شنگال، كە رۆژانە ژمارەی ئەو ئاوارانەی بۆ سنوونێ و دەوروبەری دەگەڕێنەوە، زیاد دەبێت".
(حوسێن) ئاماژەیشی دا كە، لەسەر چیای شنگال "پەكەكە" هەندێك خەڵكی خەڵەتاندووە و قوتابخانەی بۆ منداڵەكانی ئەو ئاوارانە كردووەتەوە، بەڵام بڕوانامەی ئەوان نە لە هەرێمی كوردستان و نە لە عێراق و هیچ شوێنێك كاری پێ ناكرێت، بۆیە زۆر پێویستە ئەو قوتابیانە لەوێ نەخوێنن و روو لە قوتابخانەكانی حكوومەتی هەرێم بكەن.
رابین شێروانی




