لقی 11: سكاڵامان تۆمار كردووە و لە حەقی خۆمان خۆش نابین

ڕانیە-KDP.info- بەرپرسی لقی 11ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە دەڤەری ڕاپەڕین ڕایگەیاند: "27 كادیر و پێشمەرگەمان بریندار بوونە و 6 بارەگایشمان سووتاون". دەشڵێت: "سكاڵامان تۆمار كردووە و دەبێت هەموو ئەو ئاژاوەگێڕانە سزا بدرێن".
(نەجات حەسەن) بەرپرسی لقی 11ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "جگە لە بارەگای لقی 11، هەموو بارەگاكانی دیكەمان ڕادەستی هێزە ئەمنییەكان كردووە و، ئێستا كادیرانی ئێمە لەناو بارەگای لق دەوام دەكەن، لەو رووداوانەیشدا 27 كادیر و پێشمەرگەمان بریندار كراون و 6 بارەگایشمان سووتێنراون و تاڵان كراون و زیانیان پێ گەیاندوون".
بەرپرسی لقی 11ـی پارتی گوتیشی: "كۆمەڵێك كەس دەستگیر كراون و رێكارە یاساییەكان بەردەوامن، ئێمەیش وەك پارتی سكاڵامان تۆمار كردووە، چونكە لە حەقی خۆمان خۆش نابین و دەبێت هەموو ئەو ئاژاوەگێڕانە سزا بدرێن".
رابین شێروانی




