٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

قاسم شەشۆ: پەکەکە و یەپەگە لە شنگال خەریکی نانه‌وه‌ی فیتنەن

سەرچاوە: KDP.info

شنگال-KDP.info-  (قاسم شەشۆ) ڕەتی دەکاتەوە ھیچ کوردێکی ئێزدی چەکی دژی پارتیی ھەڵگرتبێت و، دەیشڵێت، ئەو پرۆپاگندانە لەلایەن پەکەکە و یەپەگەوه‌ بڵاو دەکرێنەوە و، ھیچ بنەمایەکیان نییە، ئه‌وان به‌مه‌ دەیانەوێت فیتنە بنێنه‌وه‌.

(قاسم شەشۆ)كه‌ یه‌كێك له‌ فەرماندەكانی ھێزی پێشمەرگەیه‌ لە شنگال، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، ''ئەو دەنگۆیەی باس لەوە دەکات پارتیی رێگری لە گەیاندنی ھاوکاری کردووە لە رۆژئاوای کوردستان بۆ خەڵکی شنگال و ئەوانیش له‌ به‌رانه‌بردا چەکیان ھەڵگرتووە دژی پارتیی، دوور لە ڕاستییه‌ و پڕۆپاگندەی پەکەکە و یەپەگەیە، ئەگەر نا شنگال لەلایەن پارتیی پارێزگاری لێ دەکرێت و، ئەوان خاوەنی شنگالن، بەڵام ئەوانە دەیانەوێت فیتنە لە ناوچەکە دروست بکەن.''

(قاسم شەشۆ) گوتیشی، ''ماوەیەک پێش ئێستا لەگەڵ بەرپرسی ئەوان(په‌كه‌كه‌ و په‌یه‌ده‌) دانیشتم و پێمڕاگەیاندن، ئەگەر فیتنە لە ناوچەکە دروست بکەن، لێرە دوورتان دەخەینەوە و رێگریتان لێ دەکەین.''

(شەشۆ) هۆكاری ئه‌م پڕۆپاگندانه‌ی وه‌ها ڕوون کردەوە كه‌، ''دەزانن سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پلانێکی تۆکمەی داناوە بۆ رزگارکردنی شنگال و، تاوەکو ئێستا شەش کۆمەڵگای ئازاد کردووە؛ بۆیه‌ ئێستا پرۆپاگندەی ئەوە دەکەن کە ھێزیان ھێناوە و شنگال ئازاد دەکەن، ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ھەموو خەڵک دەزانن راست ناكه‌ن.''

گوتیشی، ''بە تەمای ئەوان بێت، شەش ساڵی دیکە ناتوانن بستێک خاکی شنگال ئازاد بکەن و، درۆ دەکەن و تەنھا پڕۆپاگندە بڵاو دەکەنەوە.''

ئەو فەرماندەیە باسی لەوەش کرد، ''ئێمە ئامادەین بۆ رزگارکردنی شنگال و پلانی ئازادکردنیش لەلایەن (سەرۆک بارزانی)یه‌وه‌ دانراوە، بۆیە بڕیار لە دەست ئەودایە و ھەرکەسێکی دیکە ھەر قسەیەک بکات راست نییە.''

جەختیشی کردەوە، ''ئێمە وەکو کوردانی ئێزدی، گوێ لە ھیچ کەسێک ناگرین، جگه‌ له‌ فەرمانەکانی (سەرۆک بارزانی) و ھەر فەرمانێک ده‌ربکات ئێمە ئامادەین جێبه‌جێی بكه‌ین.''

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار