ئومێد خۆشناو: بەو یاسایەی گۆڕان مامەڵەی پێ لەگەڵ ئێمە کرد، ڕێگریمان لە سەرۆکی پێشووی پەرلەمان کردووە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان، له وه‌ڵامی سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕاندا ده‌ڵێت، ''کاتێک ئێوه سنوور دەبەزێنن، سنوورتان بۆ دیاری دەکرێت، كه ئێوە مامەڵەتان پێ لەگەڵ ئێمەدا کرد و باره‌گاكانی پارتییتان پێ سووتاند و كادیری پارتییتان پێ شه‌هید كرد، هه‌ر به‌و یاسایه ڕێگریمان لە سەرۆکی پێشووی پەرلەمان کردووە.''
سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان (ئومێد خۆشناو)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: ''ئێمە زۆر باش لە باری دەروونیی ھەڵسوڕاوانی گۆڕان تێدەگەین و، ده‌زانین ماوەیەکە له دۆخێكی ناخێگیردان؛ بۆیە ھەمیشە لێدوانی جۆراوجۆریش دەدەن. هه‌ڵبه‌ته پاش ئه‌وه‌یش كه مەکتەبی سیاسیی پارتیی، ڕه‌تی كرده‌وه ھیچ ھەوڵێک بۆ نێوەندگیریی هه‌بووبێ، دەبینین فراکسیۆنه‌كه‌یان كه (برزۆ مەجید) سەرۆکیه‌تی، باس لەوە دەکات یاسا سنوور دیاری دەکات! خۆی ئێمەش پێمان وایە سنوور دیاریکردن بەو شێوەیەیه کاتێک 'تاقمەکەی نەوشیروان مستەفا' لە سنوور دەردەچن و ھیچ بەھایەک ناھێڵنەوە بۆ حکوومەتی بنکەفراوانی نیشتیمانی و کاری پەرلەمانی، بۆیه هه‌ر یاسایه كه سنووریان بۆ دیاری دەکات تا چی دی دۆخه‌كه نه‌شێوێنن.''
(ئومێد خۆشناو) هه‌روه‌ها گوتی، ''کاتێک باس لەوه ده‌كه‌ن كه به چ یاسایه‌ك رێگری کراوە لە سەرۆکی پێشووی پەرلەمان، ئێمە پێیان دەڵێین، بەو یاسایەی كه ئێوە مامەڵەتان دەکرد و له ڕێیه‌وه ھەڵتانکوتایە سەر بارەگانی ئێمە لە سلێمانی و ھەڵبجە و گەرمیان و ئیدارەی راپەڕین؛ به ئەو یاسایه‌ی كاره گێره‌شێوێنییه‌كانتان بره‌و پێده‌دا و، بارەگاکانی پارتییتان پێ سووتاندن و کادیرتان شەھید کرد، هه‌ر بەو یاسایە رێگری لە پێشێلکارییەكانتان کرا. ئاخر ئێوه ھەوڵێکتان ھەبوو بۆئەوەی ئەو پشێویەی لە سلێمانی نابووتانه‌وه، بیگوازنەوە بۆ پایتەخت، بۆیە ئێمە بەرپرسین و رێگەی لێ ده‌گرین، چونكه ئاسایش و سه‌قامگیریی هاووڵاتیانمان به لاوه گرینگه.''
بڵند ئیبراھیم




