"بەمزووانە 150هەزار پێكوتەی دژ بە نەخۆشیی كۆلێرا ڕەوانەی هەرێم دەكرێت"
__2015_10_26_h17m42s33__LB.jpg)
بەغدا-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی تەندروستی دەڵێ بە گوێرەی دوائاماری ئەمڕۆ، 1900 کەس لە عێراقدا تووشی نهخۆشیی کۆلێرا بوونە. 'پێكوتە كۆلیرا'یەکی زۆریان بۆ ڕەوانە كراوە و، خێرا 150هەزار پێکوتەی لێ ڕەوانەی هەرێمی كوردستان دەكەن.
(فارس بریفكانی) سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بە گوێرەی دوائامار كە ئەمڕۆ بە دەستم گەیشتووە؛ بە گوێرەی پشکنینەکانی تاقیگەی گشتیی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕێژەی تووشبووانی نەخۆشیی كۆلێرا لە سەرانسەری عێراق گەیشتووەتە 1900 کەس."
(بریفكانی) جەختیشی كردەوە كە "ئەم نەخۆشییە بە شێوەیەكی زۆر بەرفراوان لە تەشەنەكردندایە و ڕێژەكەی گەیشتووەتە ئاستێكی زۆر مەترسیدار، ئەمەش ئەوە دەردەخات كە حكوومەتی عێراق و وەزارەتی تەندروستیی عێراق و وەزارەتی سەلامەتی و وەزارەی شارەوانی و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی تر شكستیان هێناوە لە ڕوبەروبوونەوەی نەخۆشی كۆلێرا و، كارەكەیان بە ڕێژەی پێویست نەبووە لە بەردەم ئەم كارەساتەدا. چونكە ئەم نەخۆشیە لە هەندێك ناوچەی نوێ دەركەوتووە و بەردەوامیش تەشەنە دەسێنێت و، هەموو عێراقی گرتووەتەوە".
سەرۆكی لیژنەی تەندروستی پێوەست بە كارەكانی لیژنەكەی گوتی: "بە وردی بەدواداچونی مەیدانی بۆ نەخۆشییەكە دەكەین و، ژووری عەمەلیاتمان بۆ ئەو نەخۆشییە دروست كردووە. ڕێكخراوە جیهانییەکەی تەندروستی بەشێكی زۆر لەو نیوملیۆن پێکوتەی دژ بە نەخۆشی كۆلێرای بۆ ڕەوانە كردووین، لەو ڕێژەیەش هەرچی زووە 150هەزار پێکوتە بۆ هەرێمی كوردستان ڕەوانە دەكرێت، بە تایبەتیش بۆ كەمپەكانی پارێزگای دهۆك كە زیاتر لە 20 كەمپی گەورەی تێدایە و، ملیۆنێ پەنابەر زیاتری لێ دەژیێ."
نەخۆشیی كۆلێرا چەند مانگێكە بە شار و شارۆچكە جیاوازەكانی عێراقدا بڵاو بووەتەوە و، هۆكارەکەیشی زیاتر ئاوی پیسە.
سەرباز واحید




