٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەلی حوسێن: پارتی لەبەر پاراستنی دۆخی هەرێم، لە گۆڕان هاتە دەنگ

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  بەرپرسی لقی دووی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە ھەولێر گوتی، ئەو کاردانەوە و بڕیارەی پارتیی دیموکراتی کوردستان بەرانبەر بە گۆڕان لەبەر ئەوە بوو دۆخی ھەرێم تێک نەچێت؛ جا ئەگەر گۆڕان بە سیاسەتەکانی خۆیدا بچێتەوە، ئەوکات پارتییش بڕیاری خۆی دەبێت.

(عەلی حوسێن) بەرپرسی لقی دووی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە ھەولێر و، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھاتنی (سەعدی ئەحمەد پیرە) ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و، ھەڤاڵانی مەڵبەند و، ھەندێک لە خزمەکانی بۆ لای ئێمە وەکو سوپاسنامە کە ماوەیەک لەمەوبەر برایەکی کۆچی دوایی کردبوو و لە میانەی سەردانەکە سوپاسی لقیان کرد کە لە ماوەی ڕابردوو لقی دوو دەورێکی ئیجابیی ھەبووە لە ڕاگرتنی ئەو دۆخەی ئێستا کە ھیچ ڕووی نەدا بەرانبەر گۆڕان و لایەنەکانی دیکە و، سوپاسی ھێزە ئەمنیەکانیشیان کرد؛ جگە لەوەش باسی کۆمەڵێک شت کرا بە تایبەتی ئەرکی پارتی و یەکێتی کە ئەرکێکی گرینگە لەم قۆناغەدا، کە چۆن پێکەوە کار بکەن."
(عەلی حوسێن) گوتیشی، ھەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە گۆڕان کرا و ئێمەش باسمان لەوە کرد کە ھەڵوێستە سیاسییەکەی ئێمە ڕوون بووە، ئەوەی ڕووی داوە ھەڵوێستێکی سیاسی بووە بەرانبەر گۆڕان، بە تایبەت بەرامبەر (یووسف محەمەد)؛ ھەڵوێستەکە لە بەرانبەر وەزیرەکان نەبووە، بەڵکو لە بەرانبەر حزبی وەزیرەکان بووە، چونکە مامەڵەی گۆڕان لە ماوەی ڕابردوو دەرچوون بووە لە ڕێککەوتنەکانی سیاسی و ڕاکردن بووە لە بەرپرسیارەتی کە شەریک بوون لە حکوومەتدا و، بە شێوەیەک مامەڵەی کرد کە پیلانی دانا؛ بە پیلان خەڵکی ھاندا کە ئاساییشی کۆمەڵاتی بخاتە مەترسییەوە و وای لێ بێت خەڵک لە کوردستان ھەست بە مەترسی بکات.
بەرپرسی لقی دووی پارتیی دیموکراتی کوردستان گوتیشی، کاردانەوەی پارتی بەرانبەر بە گۆڕان ھەستکردن بووە بە بەرپرسیارەتی، بۆ ئەوەی ئەمە تەشەنە نەکات و بارودۆخی ئێستا تێک نەچێت.
ئەو بەرپرسەی پارتی ڕایشیگەیاند: "ئەگەر گۆڕان بە سیاسەتەکانی خۆیدا بچێتەوە ئەوکات پارتییش بڕیار و ھەڵوێستی دیكه‌ی دەبێ."
سەبارەت ھەڵویستی لایەنەکانی دیکە ئەو گوتی، لایەنەکانی دیکە ھەوڵی لێکنزیکبوونەوە دەدەن و، لەگەڵ ئەو کردەوانەی گۆڕان نەبوونە و، بێگومان بۆ پاراستنی ھاوسەنگی ھەوڵ دەدەن ڕۆڵێکی ئیجابی ببینن، بۆ ئەوەی ھەست نەکەن ھاوسەنگی سیاسییان لەدەست داوە.
(عەلی حوسێن) ھێمای بەوەش کرد، ئەگەر ئەوان شان نادەنە بەر بەرپرسیارەتی، خۆ ئێمە ھەست بە بەرپرسیارەتی دەکەین و، بۆشاییەکە پڕ دەکەینەوە.
(عەلی حوسێن) گوتیشی، ھەوڵ دەدەین لەگەڵ لایەنەکان بۆ ئەوەی پۆستە وەزارییەکانی گۆڕان پڕ بکرێتەوە بۆ ئەوەی بۆشایی دروست نەبێت و، گفتوگۆ لەمبارەیەوە لەگەڵ لایەنەکاندا بەردەوامە و، بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانیش دواتر بەپێی ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ گۆڕان و، لایەنەکانی دیکە یەکلایی دەکرێتەوە.
بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار