سۆران..هێشتا نیوەی خێزانە ئاوارەکانی باکووری کوردستان نەگەڕاونەتەوە
__2015_10_26_h16m34s36__LB.jpg)
سۆران -KDP.info- دوای ئەوەی بە هۆی شەڕی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان، 38 خێزانی باکووری کوردستان، بە تایبەتی هاووڵاتیانی شارۆچکەی شەمزینان ڕوویان لە هەر دوو شارۆچکەی سۆران و مێرگەسۆریان کرد، ئێستا نیوەی ئەو خێزانانە نەگەڕاونەتەوە، داواکارن لە پەکەکە و تورکیا شەڕ ڕابگڕن و دووبارە پەڕە بە پرۆسەی ئاشتی بدەن، بۆ ئەوەی بە ئازادی بژین.
(عەباس ئەمیر) بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەرانی سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دوای ئەوەی لە مانگی 8 زیاتر لە 38 خێزانی باکووری کوردستان بە تایبەتی هی شارۆچکەی شەمزینان ڕوویان لە شارۆچکەی سۆران و مێرگەسۆر کرد، ئێمەیش بە دوو قۆناغ هاوکاریمان بەسەر ئەو ئاوارانەدا دابەش کرد، بەڵام ئێستا دوای ئەوەی ناوچەکە کەمێک ئارام بوویەوە، زیاتر لە 20 خێزان گەڕاونەتەوە، ئەوانی دیکەیش لای خزم و کەسانی خۆیان نیشتەجێ بوونە، هیوادارین بارودۆخی باکووری کوردستان ئارام ببێتەوە بۆ ئەوەی ئەوانیش بگەڕێنەوە.
(خاڵد سەدرۆ) ئاوارەیەکی باکووری کوردستانە، ڕایگەیاند: "ئەوە بۆ سێ مانگ دەبێت لە ترسی پەکەکە ماڵوحاڵی خۆمان بەجێ هێشتووە و ڕوومان لە هەرێمی کوردستان کردووە، لەگەڵ ئەوەیش هەر ئێمە ئاوارە نەبووینە بەڵکو بە دەیان خێزانی دیکە ئاوارە بوونە و، ڕوویان لە ناوچەی جیاجیا کردووە."
گوتیشی: "لەوەتی بووەتە شەڕ، سوپای تورکیا ڕێگری لە ئێمە کرد، بۆ ئەوەی ماڵوحاڵی خۆمان بەجێ نەهێڵین، ئەگەرنا ژمارەیەکی زۆر زیاتر دەهاتن، بەڵام ئێمە لە ترسی گیانی خۆمان بۆ ئەوەی منداڵەکانمان سەلامەت بن و هیچمان بەسەر نەیەت ناچار بووین ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەین، داوا لە پارتی کرێکارانی کوردستان و وڵاتی تورکیا دەکەین شەڕ ڕابگرن و، دەست بکەنەوە بە ئاشتەوایی."
ڕابین شێروانی




