٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ساڵی خویندنی (٢٠١٤-٢٠١٥) بە ساڵی نەکەوتن ئەژمار ده‌كرێت

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایده‌گه‌ینێ كه‌ لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزارەتی خویندنی باڵا و تویژینەوەی زانستیدا، بڕیار درا ساڵی خویندنی (٢٠١٤-٢٠١٥) بە ساڵی نەکەوتن (عدم رسوب) ئەژمار بکرێت.

بە مەبەستی تاوتوێکردنی چەند بابەتێکی پەیوەست بە خوێندن لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێکەوتی (٢٦/١٠/٢٠١٥) بە سەرپەرشتیی د. یووسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی کۆ بووەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە سەرۆکی سەرجەم زانکۆکان و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتیەکانی دیوانی وەزارەت و، د. ئیبراهیم سمۆ سەرۆکی لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و، تویژینەوەی زانستی لە پەرلەمانی کوردستان و، جوان ئیسماعیل جێگری سەرۆکی لێژنە و، د. ڕێواس فایەق بڕیاردەی لێژنەکەیش ئامادەی بوون، چەندین تەوەری جیا خرایە بەر باس و گفتوگۆ.

لە سەرەتایی کۆبونەوەکەدا یاداشتی ئەو خوێندکارانە گفتوگۆی لەبارەوە کرا، کە لەلایەن لێژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گەیێندرابووە وەزارەت، کە داوایانە لە باتی (٥) نمرە (١٠) نمرە بڕیار بدرێت؛ لەهەمان کاتدا داواشیان کردبوو وانەکانی پەڕینەوە زیاد بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش دوای هەڵسەنگاندنی داواکانیان و گفتوگۆکردنی ئەندامانی ئەنجومەن و خستنەڕوی بۆچونەکانیان، ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاردا لەماوەی هەفتەیەکدا زانکۆکان لە ڕێگەی ئەنجومەنی کۆلێژ و فاکەڵتیەکانیانەوە بە لەبەرچاوگرتنی ڕێنماییەکان و کواڵیتی خوێندن چاوخشاندنەوە بەکێشە و گرفتی ئەو خوێندکارانە بکرێت کە لە ساڵی خویندنی (٢٠١٤-٢٠١٥) کەوتوون.

لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا د. یووسف گۆران دوای ئاماژەکردن بە بارودۆخی سیاسی، ئابووری، ئەمنی ئێستای هەرێمی کوردستان، پێشنیازی کرد ئەنجومەنی وەزارەت بڕیار بدات ساڵی خوێندنی (٢٠١٤-٢٠١٥) بە ساڵی نەکەوتن (عدم رسوب) ئەژمار بکرێت، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزارەت پێشنیازەکەی وەزیری خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی پەسند کرد و، بڕیاری دا ساڵی خوێندنی (٢٠١٤-٢٠١٥) بە ساڵی نەکەوتن (عدم رسوب) ئەژمار بکرێت، هەر لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە ئەم بڕیارە ئەو خویندکارانە ناگرێتەوە کە بە هۆی قۆپیە (غش)، یان لەلایەن لیژنەی بەرزەفت (ئینزیبات)ـەوە بڕیاری کەوتنیان بۆ دەرچووە.

هەواڵی پەیوەندیدار