٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جەمال مۆرتكە: دەبێ وەزارەت و لەشكر و دادگا، له‌ كەی ئێن ئێن بە جواب بێن و بدرێنه‌ دادگا

سەرچاوە: KDP.info

مه‌خموور-KDP.info-  بەهۆی خراپ بەكارهێنانی ناوی پێشمەرگە و باسكردنی شكستی هێزی پیشمەرگە لەلایەن كەناڵی كەی ئێن ئێنه‌وه،‌ بەرپرسی میحوەری گوێڕ، دەڵێ، ئەو شێوە كاركردنە و ناوزڕاندن و لەكەداركردنەی هێزی پێشمەرگە كاریگەریی خراپی دەبێت، بۆیە دەبێ وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەی لەشكر و دادگا لەم شێوە ناوزڕاندن و لەكەداركردننانەی كەناڵی كەی ئێن ئێن بەجواب بێن و ئەو جۆرە كەسانە بدەن بە دادگا.

لە كەناڵی كەی ئێن ئێنی سەر بە تاقمەكەی نەوشێروان وا بڵاو كراوەتەوە كە گوایە (قاسم سلێمانی) و 70 كەس هەولێریان پاراستووە و  باس لە شكستەكانی هێزی پێشمەرگە دەكەن و، بەوشێوەیەش بە كاری ده‌هێنن كە لە بەرژەوەندیی تاقمه‌كه‌یانه‌.
پێوه‌ست به‌و پرسه‌ (جەمال مۆرتكە) بەرپرسی میحوەری گوێڕ، بۆ ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتیی‌ دیموكراتی كوردستان گوتى: "لە سەرەتای شەرەكانی میحوەری گوێڕەوە لە ناوچەكە بوومە و تا ئێستا نە (قاسم سلێمانی) و نە دارودەستەكەیم نەبینیوە، ئەگەر تەنیا بۆ سەردانیكردن سەرێكیان لە مەلاقەرە دابێت، بەڵام وەكو شەڕ بە هیچ شێوەیەك شەڕیان نەكردووە لەگەڵ تیرۆریستان بۆئەوەی ناوچەكە بپارێزن."

(مورتكە) گوتیشى: "لە شەڕدا شكست و سەركەوتن هەیە، بەڵام گرینگ ئەوەیە دەرەنجامێكی باش بە دەست بخەی. مەسەلەیەكی كوردییش هەیە دەڵێ (تفی سەرهەوراز بە خاوەنەكەی دەكەوێته‌وه‌)، بۆیە باسكردنی پێشمەرگە بەوشێوەیە بۆ لەكەداركردنی هێزی پێشمەرگە ڕیسوابوونە بۆ خۆیان. هێزی پێشمەرگە هەموو جیهان شانازی پێوە دەكات و رەمزی نەتەوەی كوردە و هەموو كوردیش سەربڵندە بەو هێزە، هەموو دوژمنانی تیرۆریستان بەشانازییەوە ناوی پێشمەرگە دەهێنن لە جیهان، بۆیە بەو كەناڵە دەڵێم سوپاس بۆ ئەو هەڵویستە ناشرینەتان بەرامبەر بەوهێزەی گیانی خۆیان بەخت دەكەن بۆپاراستنی نەتەوەی كورد و پاشەڕۆژی كوردستان، كەچی ئێوەش بەوشێوەیە باسی دەكەن."

بەرپرسی میحوەری گوێڕ دووپاتیشی كردەووە، ئەو شێوە كاركردنە و ناوزڕاندن و لەكەداركردنەی هێزی پێشمەرگە كاریگەریی خراپی دەبێت، كه‌ وا پیشان دەدەن ئەگەر كەسانێك نەبن، دەبێ گەلی كود دەستە و ئەژنۆ بوەستێت و چۆك دابدات بۆ دوژمانی گەلەكەی، ئەمەش كاریگەریی خراپی دەبێت بۆ پاشەرۆژی گەلی كورد و ئاسایشی نەتەوەیی."

(مۆرتكه‌) گوتیشى: "بە دەرەجە یەك دەبێ وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەی لەشكر و دادگا لەم شێوە ناوزڕاندن و لەكەداركردننانەی كەناڵی كەی ئێن ئێن بەجوان بێن و ئەو جۆرە كەسانە بدەن بە دادگا، چونكە بۆ ئامانجێكی حزبی شكستخواردوو مەترسیی دەخەنە ناو ڕیزەكانی پێشمەرگە و گەلی كورده‌وه‌، ئەم كارانە میژوویێكی رەشی هەیە و ئێمە لە سەدەی بیستویەكین ئەمە چ جۆرە كاركردنێكی میدیایە بۆ نەتەوەكەی."

سەرباز واحد

هەواڵی پەیوەندیدار