٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بنەماڵەی شەهید عوسمان عەدنان: سكاڵا لەسەر كەی ئێن ئێن تۆمار دەكەین

سەرچاوە: KDP.info
شەهید عوسمان عەدنان

گەرمیان-KDP.info-  برای شەهید (عوسمان عەدنان) دەڵێ، "براكەی ئێمە خۆپێشاندەر و گێرەشێوین نەبوو، ئەو هاتبوو بۆئەوەی لە رەوشی ئێمە بپرسی و بە فیشەكی پاسەوانانی بارەگای لیژنەی ناوچەی كەلار شەهید نەبووە"؛ گوتیشی، جارێ سەرقاڵی پرسەین، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئێمە سكاڵا لەسەر كەناڵی كەی ئێن ئێن تۆمار دەكەین لەسەر ئەم گرتە ڤیدیۆیییە."

 

كەناڵی كەی ئێن ئێنی سەر بە تاقمەكەی نەوشیروان، وەک پیشەی هەمیشەییان لە چەواشەکاریدا، گرتەیەكی ڤیدیۆیییان بڵاو كردووەتەوە، كە گوایە كادیرێكی پارتیی بە ناوی(عوسمان عەدنان) لە كەلار بە دەستی پاسەوانەكانی بارەگای ناوچەی پارتیی شەھید كراوە.

  (مستەفا عەدنان) برای شەهید (عوسمان) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەم هەوڵە چەواشەکارییە، رایگەیاند: "ئەم گرتەیەی كەی ئێن ئێن بڵاوی كردووەتەوە هیچ پەیوەندی بە شەهیدبوونی براكەمانەوە نییە.. براكەی ئێمە لە شەودا شەهید كرا، بەڵام ئەمان هاتوون گرتەیەكی رۆژیان هێناوە و رێك لەگەڵ رووداوەكە مونتاژیان كردووە و دەستكاری ڤیدیۆكانیان كردووە. بەردەوامیش دای دەبەزێنن بۆئەوەی دووبارە پرسە بخەنەوە ماڵەكان ".
ئەو برای شەهیدە هەروەها گوتی، "براكەی من كارگێڕی ناوەندی چالاكی و پێگەیاندنی پارتیی بوو، بەرپرسی لیژنەی قوتابیان بوو لە قوتابخانەی شەهید ئارام، خۆ براكەی ئێمە خۆپێشاندەر نەبووە خەڵكی هان دابێت و گیرەشێوێنی كردبێ. براكەم هاتبووە نزیك ناوچەی كەلار بۆئەوی لە من و باوكم و برایەكی ترم بپرسێ و بزانێ رەوشمان چۆنە؛ خۆ بەهیچ شێوەیەك پێوەندی بە خۆپێشاندانەوە نەبوو."

(مستەفا عەدنان) جەخت دەکاتەوە کە، "بابەتەكە زۆر روونە و دیارە ئەوان پێشتر لایەنگرانیان ئاگادار كردبوویەوە بۆئەوەی گێرەشێوێنی بخەنە ناو خۆپێشاندانەكانەوە و بە لاڕێیدا ببەن. براكەی ئێمە بە فیشەكی پاسەوانەكانی لیژنەی ناوچەی كەلار شەهید نەكراوە. هەڵبەتە ئێمە جارێ سەرقاڵی پرسەین، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئێمە سكاڵا لەسەر كەناڵی كەی ئێن ئێن تۆمار دەكەین، لەسەر ئەم گرتە ڤیدیۆیییە."

سەرباز واحد
 

هەواڵی پەیوەندیدار