ئامینە زكری: دهبوایه لە جیاتی سكاڵا لهسهر من، داوای لێبوردن لە خەڵكی هەرێم بكەن

هەولێر-KDP.info- (ئامینە زكری)، هێشتا نازانێ كه سكاڵای لە دژ تۆمار كراوە یاخود نا، چونكه ئاگادار نهكراوهتهوه، بهڵام دهڵێ، لەبری ئەوەی (عادل موراد) و(لەتیف رەشید) سكاڵای لەسەر تۆمار بكەن، پێویست بوو داوای لێبوردن لە خەڵكی كوردستان بكەن كە دوو ساڵە لە ناهەمەتی و دەردی سەریی بێمووچەیی و بێبودجەییدان.
لە میدیاكاندا بڵاو كراوەتەوە كە گوایە، لەبەرامبەر ئەوەی تۆمەتی بڕینی بەشەبودجەی هەرێم لە بەغدا لەلایەن (ئامینە زكری) خرابوویە پاڵیان، هەریەك لە (لەتیف رەشید) و (عادل موراد) سكاڵایان لەسەر (ئامینە زكری) پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی تۆمار كردووە.
(ئامینە زكری) جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند "تائێستا نازانم سكاڵام لە دژ تۆمار كراوە یاخود نا، تائێستایش لە دادگاوە هیچ سكاڵا و ئاگارداركردنەوەیەكم بە دەست نەگەیشتووە بۆئەوەی لەبەردەم دادگا ئامادە بم. بهڵام ئەگەر بێت و سكاڵایشم لە دژ تۆمار كرابێت بۆمن جێگای پرسیارە، چونكە ئەمە تەنگەژەی سیاسی پێشان دەدات."
جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی زەرد ئاماژەیشی دا "لەبری ئەوەی (لەتیف رەشید) و (عادل موراد) سكاڵا لەسەر من تۆمار بكەن، پێویست بوو داوای لێبوردن لە خەڵكی كوردستان بكەن كە دوو ساڵە لە ناهەمەتی و دەردی سەریی بێمووچەیی و بێبودجەییدان و، ئەم سزا سیاسیانە لەلایەن بەغداوە خراونەتە سەر خەڵكی هەرێم، چونكە بۆ هەموو خەڵكی روونە كە دەوری ئەوان چی بووە لەم بابەتانەدا، بەتایبەت (عادل موراد) رۆڵەكەی زۆر ئاشكرایە و ئەوەتا لە سەركردایەتیی یەكێتییش ئەم بابەتە باس كراوە كە چۆن ئەوان بوونەتە سەبەبی برینی بودجە و مووچەی هەرێم و قوتی خەڵك."
دووپاتیشی كردەوە "ئەگەر سكاڵام بە فەرمی بە دەست بگات، ئەوكات بێگومان قسەی خۆمان دەبێت و بە بەڵگەوە قسەكانم دەسەلمینم."
سەرباز واحد




