ئۆپەراسیۆنێكی سەرکەوتووانەی ئهنجام دا.. ڕاگەیەندراوێک لە ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستانەوە

ههولێر-KDP.info- ئهنجوومهنی ئاسایشی ههرێمی كوردستان رایدهگهیێنێت: "دوای ئەوەی زانیاریی تەواو هەبوو کە ژمارەیەکی زۆر دیل و گیراو لە زیندانێکی تیرۆریستانی داعشدا لەنزیک حەوێجە گلدراون، کاتژمێر 2ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە پاڵپشتی هێزی هاوپەیمانان، هێزێکی دژە تیرۆری سەر بە ئەنجومەنی ئاساییش لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا گەیشتنە ناو قوڵایی سنووری ژێر دەسەڵاتی تیرۆریستان و توانیان دەست بەسەر زیندانی سەرەکیی داعشدا بگرن کە دەکەوێتە حەوت کیلۆمەتریی باکوری حەوێجە."
ئۆپەراسیۆنەکە سەرکەوتووانە ئامانجەکەی پێکا و خۆشبەختانە توانرا 69 هاووڵاتیی زیندانیکراو ئازاد بکرێن، بەڵام دوای لێکۆڵێنەوەی سەرەتایی دەرکەوت کە هیچ کوردێک لەنێو زیندانییە ئازادکراوەکاندا نییە.
لەم کردەوەدا زیاتر لە 20 چەکداری داعش کوژران و 6 تیرۆریست بە دیل گیران، بە داخەوە سەربازێکی هاوپەیمانان کە ئەرکی پاڵپشتیی هێزەکانمانی لە ئەستۆ بوو گیانی لە دەست دا و سێ پیشمەرگەی هێزی دژە تیرۆر زامدار بوون. کاتژمێر 4 ی بەرەبەیان ئۆپەراسیۆنەکە کۆتایی پێهات و هێزەکانمان گەڕانەوە و هاوڵاتییه ئازادکراوەکان بۆ پشکنینی پزیشکی و رێکاری پێویست ڕادەستی لایەنی پەیوەندیدار کران.
بە ناوی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمەوە سەرەخۆشی لە حکوومەت و گەلی ئەمەریکا و خانەوادەی بەڕێزی ئەو سەربازە ئازایهی ئهمهریكا دەکەین کە لەم ئۆپەراسیۆنەدا گیانی بەخت کرد لە هەمانکاتدا دەستخۆشانە لە ئازایەتی هێزەکانی دژەتیرۆر دەکەین.
ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان
22/10/2015




