٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەلی تەتەر: کە بەشیکی جەستەت نەخۆش بوو، دەبێ ڕێی لێ بگری تا تەشەنە نەکا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، لەسەر ئەو باوەڕەیە کە، گەڕانەوەی تاقمەكەی (نەوشیروان) بۆ ناو حكوومەت هەروا ئاسان نابێ، چونكە بە نەفەسی ئۆپۆزسیۆن دامەزراون و بۆ حكوومەتداری دانەمەزراون‌، هەر بۆیە لەناو حكوومەتدا سەركەوتوو نەبوون و لە سیاسەتی دەوڵەتداری تێناگەن، ئێستایش لە بەردەم جەماوەری خۆیاندا تووشی ڕەوشێكی خراپ بوون.


(د. عەلی تەتەر) بەرپرسی لقی 10ـی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بە بڕوای من تاقمەكەی (نەوشیروان) نابێت جارێكی دیكە لە حكوومەتێكدا بەشدار بن كە لەلای ئەوانەوە حكوومەتێكی گەندەڵ و كودەتاچییە، ئەگەر حكوومەت لە دوو ساڵی داهاتوودا گەندەڵ بووە، ئەوان بەشێك بوون لەو گەندەڵییە، ئەگەر ئەوان ڕاست دەكەن بۆ نەدەكشانەوە و بەشدار بوون و ئێستا هیوا بۆ ئەوە دەخوازن جارێكی دیكە بەشدار بن، بە تایبەتی كە وەزارەتی دارایی و دەستەی وەبەرهێنان لە دەستی ئەواندا بوو، كە لەو هەر دوو شوێنە گەندەڵی دەكرا و ڕاستەوخۆیش ئەوان بەرپرسیار بوون".

دەشڵێت: "تاقمەكەی (نەوشیروان) گەییشتوونەتە ئەو باوەڕەی كە ئەو بڕیارەی ئەوان دابوویان تا بەشدار بن لە حكوومەتدا، تێوە گلابوون، بۆیە دەبووایە پێشتر ئەو بڕیارەیان دابایە نەك ئێستا، ئێستا حكوومەت لە دەست ئەوان دەرچوو، ئەوان وا بە ئاسانی جارێكی دیكە ناگەڕێنەوە ناو ئەو حكوومەتە، چونكە ناكرێت تۆ بەیانیان لە حكوومەت بیت و ئێوارانیش هانی خەڵك بدەیت، ئەوەیش لە هیچ شوێنێكی ئەم جیهان نەبووە، تاقمەكەی (نەوشیروان) بە نەفەسی ئۆپۆزسیۆن دامەزراون، بۆ حكوومەتداری دانەمەزراون، هەر بۆیە لەناو حكوومەتدا سەركەوتوو نەبوون، ئەوان لە سیاسەتی دەوڵەتداری تێناگەن، پەیمانیان بە خەڵك دابوو كە بیگۆڕن، بەڵام كە هاتن وا نەبوو و دەیانزانی ئەوەیان پێ ناكرێت، بۆیە ئێستا لە بەردەم جەماوەری خۆیاندا تووشی ڕەوشێكی خراپ بوونە، هەر لەبەر ئەوەیشە هەوڵ دەدەن جارێكی دیكە بێنەوە ناو حكوومەت، بەڵام ئێستا ئەوەیان لە دەست دەرچووە".

(تەتەر) گوتیشی: "(یووسف محەممەد) پەرلەمانی كوردستانی كردبووە گردەكە، ببووە شوێنی پیلانگێڕان، ببووە بەشێك لە تێكدانی ناو ماڵی كوردی، چونكە هەموو جیهان دەزانێت هەرێمی كوردستان لە شەڕدایە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەردەم گۆڕانكاریی گەورەدایە، كە لە دوای جەنگی یەكەمی جیهانییەوە، یەكەمجارە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تووشی ئەو قەیرانە سەربازییە ببێتەوە، بۆیە ئێستا لە هەموو كاتێك پێویستتر بوو ناو ماڵی كورد یەكگرتوو بووایە، بۆ ئەوەی ئەو هەلەی بۆ كورد هاتوووەتە پێش كە بە درێژایی مێژووی كورد هەتا لە پەیمانی سیڤەریش ئەو دەرفەتە بۆ كورد نەهاتبووە پێشەوە، بگات بە مافەكانی خۆی".

(د. عەلی) ئاماژەیشی د، دوورخستەوەی تاقمەكەی (نەوشیروان) لە حكوومەتدا، بڕیارێكی قۆرس بوو، بەڵام كە پارتی ئەو بڕیارەی دا، بۆ سەلامەتیی هاووڵاتیان بوو، بۆ ئەوەی دۆخەكە هێور ببێتەوە، چونكە كاتێك بەشێك لە جەستەی مرۆڤ تووشی نەخۆشیی سەخت دەبێت، بۆ ئەوەی هەموو گیانی مرۆڤ تووش نەبێت، چارە ئەوەیە ببڕدرێت، بۆیە ئەگەر ئەوە نەكرابایە هەرێمی كوردستان تووشی زۆر قەیرانی دیكە دەبووەوە و ئاژاوەگێڕی پەرەی دەستاند".

رابین شێروانی
 

هەواڵی پەیوەندیدار