تاریق گەردی: بەرهەمهێنانی نەوت زیادی كردووە.. سیاسەتی هەرێم سەركەوتوو بووە

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستان سەركەوتوو بووە، چونكە لە ماوەیەكی كەمدا توانی لە ٢٥٠ هەزار بەرمیلەوە بۆ٦٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا زیاد بكات، بەڵام بە هۆی دابەزینی نرخی بازاڕی جیهانییەوە، رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت چەند زیاتر بێت، ناگاتە ئاستی دوو ساڵ لەمەوبەر.
حاكم (تاریق گەردی) ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "چوونی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا كارێكی زۆر سرووشتییە و، ساڵی رابردوویش لە كاتی پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠١٥چەند جارێك بە سەرۆكایەتیی (نێچیرڤان بارزانی) بە یاوەریی (قوباد تاڵەبانی) و (رێباز حەملان) كە لە پشكی گۆڕانە، سەردانی بەغدایان كرد و گەییشتنە ئەو رێككەوتنەی كە راگەیێندرا، بۆ ئەمساڵیش پێویستە پێش پەسەندكردنی بوودجە، شاندی حكوومەتی هەرێم بچێتەوە بەغدا، بۆ ئەوەی لێكتێگەییشتن لەسەر پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠١٦ لە نێوان هەردوولادا هەبێت".
(گەردی) گوتیشی: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەركەوتوو بووە لەوەی كە رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت لە٢٥٠ هەزارەوە بۆ٦٠٠ هەزار زیاد بكات كە ئێستا ٦٥٠ هەزاریش رەوانەی دەرەوە دەكرێت، ئەمەیش نیشانەی ئەوەیە كە سیاسەتی بەرهەمهێنانی نەوت و بەبازاڕكردنی لە گەشەسەندندایە و سەركەوتوو بووە".
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و غاز دەشڵێت: "ئەوانەی دەڵێن حكوومەتی هەرێم نەیتوانیوە كێشەی مووچە چارە بكات و شكستی لە پرۆسەی هەناردەی نەوتدا هێناوە، ئەمە راست نییە، چونكە نرخی بازاڕی جیهانی وای كرد ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت چەند زۆر بێت، نەگاتە ئەو ئاستەی پێش دوو ساڵ، لەبەر ئەوەی پێشتر لە عێراق 2 ملیۆن و٥٠٠ هەزار بەرمیل رەوانە دەكرا و ئێستا لە سێ ملیۆن زیاترە، بەڵام ناگاتە ئەو ئاستەی پێشتر".
بڵند ئیبراهیم




