نێچیرڤان بارزانی: ئەولەوییەتی هەرێم، ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و چارەكردنی كێشە داراییەكانیەتی

هەولێر-KDP.info- سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی ئەم دواییە لە هەرێم دروست بوو، كاریگەری لەسەر مۆڕاڵی پێشمەرگە لە بەرەكانی جەنگی دژی تیرۆر نەبووە و ئەولەوییەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە ڕووبەڕووی تیرۆریستانی داعش ببێتەوە و كێشە داراییەكانی چارە بكات.
ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە 21/10/2015 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوزایی لە (فرانك بێكەر) باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا (بێكەر) باسی لە بارودۆخی عێراق لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە و مەترسیی تیرۆریستانی داعش و هەوڵەكانی حكوومەتی فیدراڵی بۆ ئازادكردنی ئەو دەڤەرانەی لە ژێر دەستی تیرۆریستاندان، لەگەڵ بارودۆخی بەرەكانی جەنگ لە هەرێمی كوردستان و بەردەوامیی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە دژی تیرۆریستان و هەوڵەكان بۆ لەناوبردنی ئەو مەترسییە، كرد.
هەروەها ئاماژەی بە سەردانی خۆی بۆ هەولێر و دیدارەكانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كرد، كە تێیاندا جەخت لەوە كراوەتەوە بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ كێشەكان چارە بكرێن و یەكڕیزی و تەباییی كورد بپارێزرێت بە تایبەتی كە هەڕێمی كوردستان لەگەڵ تیرۆر لە شەڕدایە. دووپاتیشی كردەوە كە، حكوومەتی بەریتانیا خوازیاری ئەوەیە ئەو مۆدێلە سەركەوتووەی لە هەرێمی كوردستاندا هەبووە، بە هەماهەنگیی هەموو لایەك بەردەوام بێت و ئەوان ئامادەن لە بوارە جیاجیاكان هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و دڵنیای كردنەوە كە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵەكانی بەردەوام دەبێت بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ كێشە ناوخۆییەكان چارە بكرێن. دووپاتیشی كردەوە، ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی ئەم دواییە لە هەرێم دروست بوو، كاریگەری لەسەر مۆڕاڵی پێشمەرگە لە بەرەكانی جەنگی دژی تیرۆر نەبووە و ئەولەوییەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە ڕووبەڕووی تیرۆریستانی داعش ببێتەوە و كێشە داراییەكانی چارە بكات.
هەروەها سوپاسی ئەو هاوكاریانەی حكوومەتی بەریتانیای كرد كە لە بوارە جیاكاندا پێشكەشی هەرێمی كوردستانی كردوون و هیوای بەردەوامیی هاوكارییەكانی خواست بە تایبەتی لەو بوارانەی كە ماون وەك پەرەپێدانی كارگێڕی و ئەو ڕیفۆرمانەی پێویستە لە ئایندەدا لە دەستگاكانی حكوومەت ئەنجام بدرێن.
گفتوگۆكردنی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەكی گشتی و بە تایبەتی ڕەوشی ئابووریی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.




