مەسروور بارزانی: دەخوازین به ئاشتیانە و لێکتێگەیشتن لەناوچەکەدا وڵاتێکی سەربەخۆمان هەبێت
__2015_10_21_h18m13s15__LB.jpg)
ههولێر-KDP.info- (مهسروور بارزانی) راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان له پێشوازی سهفیری وڵاتی بهریتانیا له عێراق رایگهیاند كه، ئێمە دەخوازین ئاشتیانە و بە لێکگەیشتن لە گەل گەلانی ناوچەکەدا وڵاتێکی سەربەخۆمان هەبێت، چونکە وەک هەموو گەلانی دونیا ئەو مافەمان هەیە، بەڵام دەخوازین ئەم مافە بە رێگەی ئاشتیانە و دوور لە توندوتیژی بەدەست بێنین.
ئەمرۆ چوارشهممه 21/10/2015 (مەسروور بارزانی) راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە فرانک بەیکر سەفیری وڵاتی بهریتانیا لە عێراق و شاندی یاوەری کرد.
لە میانەی دانیشتنێکدا هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر رێکارەکانی چۆنیەتی پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێم و وڵاتی بریتانیا کرد و سەفیری بهریتانیا جەختی لەسەر گرینگیی پێگەی هەرێمی کوردستان لە دەڤەرەکەدا کردەوە و ئاماژەی بە ڕۆلی کاریگەر و قارەمانانەی هێزی پێشمەرگە لە ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆریستان کرد.
هەر پەیوەست بەم بابەتەوە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییش جەختی لە سەر پێویستیی یارمەتیدانی زیاتری هێزی پێشمەرگە کردەوە وەک تاکە هێزی کاریگەری سەر زەوی دژ بە تیرۆریستان.
لە بەشێکی دیکەی دانیشتنەکەدا تیشک خرایە سەر کێشەکانی ناوخۆی عیراق و لەم بوارەدا راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش ئاماژەی بەوەدا کە تەنیا چاکسازییەکانی بواری ئیداری ناوتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات بەڵکو پێویستە چاکسازیی بنەڕەتی سیاسی بە ئەنجام بگەیەندرێت.
هەر لەم بوارەدا گوتی، کێشەکانی ناو عێراق رەگوریشەی مێژوویییان هەیە و متمانە لە نێوان پێکهاتەکان نییە و کێشە لە خودی ستراکچەری عێراقدایە وەک وڵاتێکی دروستکراو، زۆر هەوڵ دراوە بۆ مانەوەی عێراق وەک وڵاتێکی یەکگرتوو، بەڵام هەوڵەکان سەرکەوتوو نەبوونە، هۆکاری شکستی عێراق لە بەغدایە و ناکرێت ئێمە ببین بە قوربانیی سیستەمێکی فاشل.
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییش تیشکی خستە سەر ئەوەی کە هەموو هەوڵێک بۆ هێشتنەوەی عێراق وەک وڵاتێکی ساخلەم شکستی هێناوە و دووبارە کردنەوەی هەمان ئەزموون هەمان ئەنجامی پێشووی دەبێت، بۆیە بە ڕای ئێمە مافی گەلانی ناو عێراقە چارەنووسی خۆیان دیار بکەن. ئێمە دەخوازین ئاشتیانە و بە لێکگەیشتن لە گەل گەلانی ناوچەکە وڵاتێکی سەربەخۆمان هەبێت، چونکە وەک هەموو گەلانی دونیا ئەو مافەمان هەیە، بەڵام دەخوازین ئەم مافە بە رێگەی ئاشتیانە و دوور لە توند و تیژی بەدەست بێنین.
لە کۆتایی دیدارەکەدا هەردوولا جەختیان لە سەر ئەوە کردەوە کە کاری زیاتر بکرێت بۆ ئەوەی کێشە سیاسی و ئابوورییەکانی ناوخۆی هەرێم و هەروەها پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا بە دانوستانی زیاتر یەکلا بکرێنەوە.




