حكوومه‌تی هه‌رێم سنوونێ و ڕه‌بیعه‌ی ڕووناك كرده‌وه

ڕه‌بیعە -KDP.info- سه‌رۆكی لیژنه‌ی وزه له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا ڕایده‌گه‌یێنێت به هاوكاریی حكوومه‌تی هه‌رێم و له ڕێی پارێزگای دهۆكه‌وه ویستگه‌ی عه‌وینات نۆژه‌ن کرایەوە و كاره‌با بۆ ناحیه‌ی ڕه‌بیعه و سنوونێ دابین کرا.
(هاشم بریفكانی) سه‌رۆكی لیژنه‌ی وزه له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "ئەم مانگی ئاداری ئه‌مساڵە، پلانمان دانا کارە بۆ ئه‌و ناوچانه دابین بکەین کە پێشمه‌رگه ڕزگاری کردبوون، وه‌كو ناحیه‌ی زوممار و ڕه‌بیعه و سنوونێ تا كاره‌بایان بۆ دابین بكه‌ین، ئه‌وه بوو له مانگی ئایار توانیمان كاره‌با بگه‌یێنین به ناحیه‌ی زوممار، به‌ڵام ناحیه‌كانی ڕه‌بیعه و سنوونێ تۆڕی كاره‌بایان داڕزابوو، بۆیه كاتی دەویست."
(بریفكانی) گوتیشی: "ئه‌مڕۆ ناحیه‌ی ڕه‌بیعه و سنوونی كاره‌بایان بۆ دابین کرا؛ له وێستگه‌ی 'ته‌ل‌ئه‌بووزاهر'ەوە ده‌گوازرێته‌وه بۆ ویستگه كاره‌باکەی عه‌وینات و ڕه‌بیعه؛ سوپاسی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و، به تایبه‌ت پارێزگای دهۆك دەکەین دەستباریان کردین وێستگه‌ی عه‌وینات و، چه‌ند محاویله‌یەکی تری ناو ڕه‌بیعه و سنوونێ، نۆژەن و چاک بکەینەوە."
سه‌رۆكی لیژنه‌ی ووزه له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه: "بڕی كاره‌باكه سه‌ره‌تا 5 میگاوات كاره‌با ده‌بێت، هه‌وڵ دەدەین زیاتری بكه‌ین، جا داوا له هاووڵاتیان ده‌كه‌ین تا کارەباکە زیاتر ده‌كرێت، فرەتر بۆ ڕووناكی به‌كاری بهێنن، با باری تۆڕی كاره‌با گران نه‌بێت و، تێك نه‌چێت."
نه‌شوان به‌رزنجی




