٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕێبەرى وەرگرتنى قوتابیان لە زانکۆکان دابەش کرا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  دواى دوو ڕۆژ لە گەیشتنى ئەنجامەکانى قۆناغى پۆلى ١٢ ئامادەیى بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ڕاستەوخۆ دەست کرا بەدابەشکردنى ڕێبەرى وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکان بەسەر پەروەردەى گشتیى پارێزگاکان بۆ ئەوەى لە ڕێگەى قوتابخانەکانەوە بەسەر خوێندکاراندا دابەش بکرێت.

ڕێبەرى وەرگرتنى قوتابیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ ساڵى (٢٠١٥-٢٠١٦) لەلایەن وەزارەتەکەمانەوە (٧٥) هەزار دانەى لێ چاپ کراوە، لە ڕۆژانى لە ڕێگەى پەروەردەکانەوە بەسەر سەرجەم خوێندنگەکان دابەش کرا بەمەبەستى گەیشتن بە دەستى دەرچووانى قۆناغى پۆلى ١٢ى ئامادەیى.

لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى داوا لە خوێندکاران قوتابیان دەکات بە وردى رێبەرى وەگرتن بخوێننەوە بۆ ئەوەى لە کاتى پڕکردنەوە و پێشکەشکردن فۆرم بۆ زانکۆلاین هەڵە نەکەن و، ڕێنماییەکان بە وردی بخوێنە‌وە و لەبەرچاوی بگرن. چونکە زۆر گرنگە هەڵبژاردنەکانت لەگەڵ ئارەزوو و بارى تەندروستى و تواناى زانستیت بگونجێت. وەرگیرانت لە هەر خوێندنێک بە لەبەرچاوگرتنی ئارەزوو و باری تەندروستی و توانای زانستیت مانای ئەوەیە، کە تۆ هێڵە گشتییەکانى دواڕۆژى خۆت دیارى کردووە.


لە ڕێبەرى وەرگرتندا مەرجە گشتی و تایبەتەکانی وەرگرتنى خویندكاران لە زانکۆكانی هەرێم و ڕێنماییەکانى گواستنه‌وه‌ و دابه‌زینی خوێندنی قوتابیان/خویندكاران لە زانکۆكانی هەرێمی كوردستان و چۆنیەتى پێشکەشکردنی فۆرمی زانكۆ لاین و خشته‌ی زانكۆ‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵی خوێندنی (2015-2016) و هێمای قوتابخانه‌كان/خوێندنگەكان تیادا خراوەتەڕوو.

سەبارەت بە وادەى کاراکردنى (زانکۆ لاین)، (عەباس ئەکرەم) گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: دواى گەیشتنى ئەنجامەکانى دەرچووانى پۆلى (١٢)ى ئامادەیى لەلایەن وەزارەتى پەروەردە بۆ وەزارەتەکەمان، ڕاستەوخۆ دەست کرا بە پڕۆسەى وردبینیکردن لە ناوەکانى دەرچووان و خوێندنگەکان بەمەبەستى دڵنیابوون لە ناوى دووبارە و نەهێشتنى کەموکوڕى لە لیستەکاندا، لە ئێستاشدا پڕۆسەى وردبینیکردن کۆتایى هاتووە.

گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژیبنەوەى زانستى ئاشکرایشی کرد: لەئێستادا دەست کراوە بە دانانى (یوزەرنەیم و پاسۆرد) بۆ سەرجەم دەرچووانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى بۆ ئەوەى دواى کاراکردنى (زانکۆ لایەن) خوێندکاران و قوتابیان بتوانن بچنە ناو سیستەمى (زانکۆ لاین) و فۆرمى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان پڕ بکەنەوە.

سەبارەت بە کاتى کاراکردنى زانکۆلاین (عەباس ئەکرەم) ڕایگەیاند: دواى دانانى یوزەرنەیم و پاسۆرد بۆ سەرجەم خوێندکارانى دەرچوو، کە وەزارەتەکەمان لە ڕێگەى پەروەردەى گشتیى پارێزگاکان و خوێندنگەکان ڕەوانەى خوێندکاران و قوتابیانى دەکات، وێب سایتى (زانکۆ لاین) بۆ دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى کارا دەکرێت و، وەک ئاگادارییەکیش لە دەزگاکانى راگەیاندنیش بۆ دەرچووان بڵاو دەکرێتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار