حەیات مەجید: کەی ئێن ئێن و کەناڵی دیکەیش هەیە، سنووری ئازادیی ڕادەڕبرینیان تێپەڕاندووە

سلێمانی-KDP.info- ئەندامی لیژنەی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و هونەریی پەرلەمان دەڵێ، ئازادیی ڕادەڕبرین لە هەرێمی كوردستاندا مەودایەكی زۆر فراوانی هەیە و، راگەیاندن كۆمەڵێك ئیتیكی خۆی هەیە كە پێویستە ئەم ئیتیكە بپارێزرێت، خۆ ئەوەتا لە كەناڵی "كەی ئێن ئێن" و كەناڵە بەناو ئەهلی و بێلایەنەكە، هەرچیی پێیان خۆش بووبێت بە دەسەڵاتی كوردییان گوتووە، بۆیە پێموایە ئازادیی ڕادەڕبرین لە میدیادا زۆر لە پێویست فراوانترە.
بەشێك لە پەرلەمانتارەكان باس لەوە دەكەن كە گوایە "ئازادیی ڕادەربڕین لە هەرێمی كوردستان بوونی نەماوە و كەس ناتوانێ قسەی دڵی خۆی بكات، چونكە دەسەڵات ئەم ئازادییەی لێ زەوت كردوون."
لە وەڵامدا (حەیات مەجید پەرخی) ئەندامی لیژنەی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و هونەریی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئازادیی ڕادەڕبرین لە هەرێمی كوردستاندا، مەودایەكی زۆر فراوانی هەیە و ئەوەتا ئەنجامەکەی دەبینین، كە لە ڕاگەیاندنەكانی گۆڕانەوە هەر لە ئەندام پەرلەمانەكانیان و هەڵسوڕاوانیان دێن بە ئازادانە قسەی خۆیان دەكەن و، هەتا بەرنامەیەكیشیان هەیە بەناوی (مایكی ئازاد). هەموو قسەیەكیش دەكەن و هیچ فلتەر و ئیتیكێكیان نییە. ئاخر لەكوێدا ئەم ئازادییە بەرتەسك كراوەتەوە؟، خۆ هەر پەرلەمانتارێكی گۆڕان دێت بۆ میزایەدەی سیاسیی خۆی لە میدیاكان، ئەوەی بیەوێت دەیڵێت. بۆیە پێموایە كە هەموو سنوورێكی ئازادی بەزێندراوە."
(پەرخی) روونی كردەوە كە "راگەیاندن كۆمەڵێك ئیتیكی خۆی هەیە و پێویستە ئەم ئیتیكە بپارێزرێت، بەڵام میدیاكانی گۆڕان بە حزبی و سێبەرەكانەوە هەمیشە لە قسەكردندا ڕەچاوی ئەم ئیتیکەیان نەکردووە و، هەر بەرپرس و هەلسوڕاوێكیان دواندبێت، زۆر بە نابەرپرسانە هەرچیی پێیان خۆش بووبێت گوتوویانە. بۆیە دەڵێم ئازادیی راگەیاندن لە هەرێمی كوردستان نەوەك هەر بەرتەسك نەكراوەتەوە، بەڵكو ئەوەندە بەبێ سانسۆر و ئازادانە قسە دەكرێت، كە حاڵی راگەیاندن بەم رۆژەی ئێستا گەیشتووە كە كۆمەڵێك قسەی ناخۆش و دژیەك لە راگەیاندنەكان دەبیستین."
ئەو ئەندامەی لیژنەی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و هونەریی لە پەرلەمانی كوردستان گوتیشی " ئەوەتا لە كەناڵی "كەی ئێن ئێن" و كەناڵە بەناو ئەهلی و بێلایەنەكە(هەڵبەتە ناوی ئەوی دووەمیانی نەبرد)، هەرچیی پێیان خۆش بووبێت بە دەسەڵاتی كوردییان گوتووە و رۆڵێكی زۆر زۆر ناشرینیان هەبووە لە پێشهاتەكان؛ ئاخر ئەوەی ئەوان دەیكەن شێواندنی كاری میدیایە. بەتایبەت كاتێك میوانداریی بەناو رۆشنبیرێك و نا رووناكبیرێك دەكەن، كە هیچ ئیتیكێكی رۆژنامەوانی لە قسە و وشەكانی بەدی ناكرێت، خۆ لە میدیادا كۆمەڵێك پرەنسیپ هەیە كە میدیاكار كاری لەسەر دەكات، بەڵام ئەوان بە ناوی ئازادیی ڕادەربڕینەوە هەموو پرەنسیپەكانیان شێواندووە. بۆیە پیموایە ئازادیی ڕادەربڕین لەمیدیادا زۆر لە پێویست فراوانترە."
سەرباز واحد




