پۆلیسی هەولێر، ڕێی لە عەلی حەمەساڵح گرت

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەولێر(عەبدولخالق تەلعەت) ئاشکرای دەکات کە، (عەلی حەمەساڵح) ڕۆژی عەرەفە، واتە ڕۆژی بەر لە جەژنی قوربان، کۆمەڵێک ھەرزەکاری بێتاوانی کۆ کردبوونەوە و بڕی ٣٥٠ ھەزار دیناری پێ دابوون، بۆ ئەوەی کێشەیەک لە ھەولێر دروست بکەن، بەڵام ھێزەکانی پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان پیلانەکەی پووچەڵ کردووەتەوە.
بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەولێر(عەبدولخالق تەلعەت) بە حەفتەنامەی باسی ڕاگەیاندووە، "ھەڵسوڕاوانی گۆڕان بەردەوام لە ھەوڵدان بۆ تێکدانی بارودۆخی ھەولێر و، ھەندێک لەوانە وایان بە خەڵک پیشان داوە کە ژیانیان لە شاری ھەولێر لە مەترسیدایە. لە ڕاستیدا زۆر جار ئەو کەسانە دەبینم. بۆ نموونە، (عەلی حەمەساڵح) و (برزۆ مەجید)، کە بە تەنیا لە شاری ھەولێر دەسووڕێنەوە. ئەگەر ژیانیان لە مەترسیدایە چۆنە دەتوانن ئاوا بە تەنیا و بێباک لە ھەولێر بسوڕێنەوە؟"
وەک بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەولێر ئاشکرای کردووە، دواھەوڵی (عەلی حەمەساڵح) ئەوە بوو، کە ڕۆژی عەرەفە، واتە ڕۆژی بەر لە جەژنی قوربان، کۆمەڵێک ھەرزەکاری بێتاوانی کۆ کردبوونەوە و بڕی ٣٥٠ ھەزار دیناری پێ دابوون، بۆ ئەوەی کێشەیەک لە ھەولێر دروست بکەن، بەڵام خۆشبەختانە توانرا لە ڕێگای ھێزەکانی پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان و بە فەرمانی دادوەر دەستگیر بکرێن. دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا ددانیان بەوەدا نا کە (عەلی حەمەساڵح)، ڕۆڵێکی سەرەکیی ھەبووە لە ھاندانیان بۆ دروستکردنی کێشە. دواتر باوکی ئەو مێردمنداڵانەمان بانگ کرد، ئەوان بەریبوون لەو کەسانە و لەلای من داوایان لە عەلی حەمەساڵح کرد واز لە منداڵەکانیان بێنێت، دواتر بە کەفالەتی باوکیان ئازاد کران. من بەو کەسانە دەڵێم ھەر کەسێک بیەوێت بارودۆخی ئارامی و تەناھیی ھەولێر و ژیانی ھاووڵاتیان تێک بدات، رووبەِرووی سزای یاسایی دەبێتەوە."
(عەبدولخالق تەلعەت) نموونەیەکی دیکە دەخاتە ڕوو و دەگێڕێتەوە کە، "ڕۆژێک (سۆران عومەر)ی پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی ھاتە لام، گفتوگۆی زۆرمان کرد. پێیم گوت، بۆچی ئێوە لە میدیاکان قسەیەک دەکەن و لای من قسەیەکی دیکە دەکەن؟ ئەو گوتی، کاک (عەبدولخالق) ناکرێت ئەو قسەیەی لای تۆی دەکەم، لە تەلەڤزیۆنیش ھەمان قسە بکەم، ھەر ھیچ نەبێت، دەبێت ئەندامەکانی کۆمەڵ ڕازی بکەم! پێی گوتم: من وەک ئەندامی کۆمەڵ تەئکید ئەکەمەوە کە دەوڵەتداری و بەڕێوەبردنی دەوڵەت تەنیا لە ئێوە دەوەشێتەوە، ئێمە زۆرمان ماوە بگەینە ئەوەی دەوڵەت بەڕێوە ببەین، بۆ شاھدیش، خوا خێری بنووسێت لەم ژوورەی من، نوێژێکی کرد."




