٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەباس غەزالی: بارانی بەخوڕ بەڕێوەیە.. دەبێ بۆی ئامادە بین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- (عەباس غەزالی میرخان) دەڵێ، لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندارەكان قسەیان كردووە، بۆ ئەوەی ئامادەیی تەواوی خۆیان وەربگرن، تا باران زیانیان پێ نەگەیەنێ.

ئەو ئەندامەی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری و بەنداوەكان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، زانیارییان لە سەرچاوە كەشناسییەكانی ناوچەكە و چیهانییەوە هەیە کە، لە سەرەتای حەفتەی دابێ بە تایبەتی رۆژی یەكشەممەوە شەپۆلێكی بارانبارینی بەخوڕ ڕوو لە ناوچەكە و هەرێمی كوردستان دەكات و رەنگە پەڵەیش بدات.
ئەو پێی وایە کە چونکە بارانی بەخوڕ دەبێتە هۆی دروستبوونی سێڵاو، بۆیە داوا لە جووتیارانی كوردستان دەكات ئەوانەی بەروبوومی كشتوكاڵی و ئاژەڵدارییان لە رێڕەوی سێڵاون و یاخود مەترسیی تەڕبوونیان لێ دەكرێت، ئامادەیی خۆیان وەربگرن بۆ ئەوەی كەمترین زیانی كشتوكاڵی و ئاژەڵدارییان هەبێت.

(غەزالی) دەڵێ: "داوامان لە یەكە ئیدارییەكان كردووە سەری ئاوەڕۆكان خاوێن بكەنەوە بۆ ئەوەی بارانە چاوەڕوانکراوەكە زیانی بە دواوە نەبێت".

وەک (عەباس غەزالی) گوتی، داوایان لە وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستانیش کردووە، ئامادەیی تەواوی خۆیان وەربگرن بۆ سەنگەرەكانی پێشمەرگە كە ئێستا لە بەرەی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشن.

ئەو ئەندامەی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری و بەنداوەكان ئاماژەیش دەدات، "لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندارەكانی پێوەست بەو پرسە قسەمان كردووە بۆ ئەوەی ئامادەیی تەواوی خۆیان وەربگرن".

بەپێی پێشبینییەكانی كەناڵە جیهانییەكانی كەشناسی، حەفتەی دابێ، شەپۆلێكی بارانبارینی بەخوڕ روو لە هەرێمی كوردستان دەكات و، بە تایبەت لە رۆژی یەكشەممەوە بارانبارین دەست پێ دەكات.
 

هەواڵی پەیوەندیدار