ئێمینكی: كوردستان قۆناغی لەوە سەختتری بینیوە.. بە ئیرادەی جەماوەر و حیكمەتی سەركردایەتییەكەی، سەر كەوتووە

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، گەلی كوردستان لە مێژووی خۆیدا قۆناغی زۆر لەوە سەختتری بینیوە و بە ئیرادەی جەماوەر و حیكمەتی سەركردایەتییەكەی سەركەوتنی وەدەست هێناوە، هەموو ئەو قەیرانانەی ئەمڕۆیش هەن، بە پشوودرێژی و هیممەتی گەلی كوردستان و سەركردایەتیی حەكیمانەی (سەرۆك بارزانی) كۆتاییان پێ دێت و سەركەوتنی یەكجارەكی بۆ گەلی كوردستان دەبێت.
ئەمڕۆ دوو سەممە ١٩/١٠/٢٠١٥ دكتۆر (جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی) جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، پێشوازی لە دەستەیەك لە چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنی و قوتابیانی زانكۆ و پارێزەران كرد.
لە دیدارێكدا شاندەكە پشتیوانیی خۆیان بۆ پەرلەمانی كوردستان و هەوڵەكانی راگرتنی پسێوی و ئاڵۆزی دووپات كردەوە و، ئەوەیان راگەیاند ئەگەرچی دۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان بە هۆی كۆمەڵێك قەیرانەوە ئاڵۆزە، بەڵام دەبێ هەموومان لەگەڵ پاراستنی سەقامگیری و سەروماڵی هاووڵاتیاندا بین و، سووتانی بارەگا و بەردباران و تەقەكردن لە خۆپیشاندەران و پشێوی و ئاڵۆزی و كوشتنی خەڵكی بێتاوان زیاتر، هیچ بەرهەمێكی دیكەی نابێ.
لەلایەن خۆشیەوە دكتۆر (جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی) جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، خۆشحاڵیی خۆی بە دیداری شاندەكە نیشان دا و، دووپاتی كردەوە كە، گەلی كوردستان لە مێژووی خۆیدا قۆناغی زۆر لەوە سەختتری بینیوە و بە ئیرادەی جەماوەر و حیكمەتی سەركردایەتییەكەی سەركەوتنی وەدەست هێناوە، هەموو ئەو قەیرانانەی ئەمڕۆیش هەن، بە پشوودرێژی و هیممەتی گەلی كوردستان و سەركردایەتیی حەكیمانەی (سەرۆك بارزانی) كۆتاییان پێ دێت و سەركەوتنی یەكجارەكی بۆ گەلی كوردستان دەبێت.
هەر لە دیدارەكەدا جێگری سەرۆكی پەرلەمان را و بۆچونەكانی خۆی بەرانبەر دواپەرەسەندنەكانی رەوشی سیاسی و بارودۆخی ناوچەكە، بۆ ئامادەبووان خستە روو.




