٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی و جیهانگیری، جەخت لەسەر پەیوەندییی دۆستانە دەكەنەوە

سەرچاوە: KDP.info

تاران-KDP.info-   جێگری یەكەمی سەرۆككۆماری ئیسلامیی ئێران، پاڵپشتیی وڵاتەكەی بۆ تۆكمەتركردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و، هاوكاریكردنی هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەك و بەردەوامیی ئەو هاوكارییانە، پیشان دا. هاوکات سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هیوای بەردەوامیی ئەو هاوكارییەكانە و، هاوكارییە مرۆییەكان بۆ ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەر و ئاوارانە خواست، كە لە ترسی تیرۆر ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 19/10/2015 ، لە تارانی پایتەختی كۆماری ئیسلامیی ئێران، (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، لەلایەن (دكتۆر ئیسحاق جیهانگیری) جێگری یەكەمی سەرۆككۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پێشوازی لێ كرا.
لە دیدارێكدا (جیهانگیری)، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی (نێچیرڤان بارزانی) دەربڕی و باسی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران كرد و، پاڵپشتیی وڵاتەكەی بۆ تۆكمەتركردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و، هاوكاریكردنی هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەك و بەردەوامیی ئەو هاوكارییانە، پیشان دا.
دەربارەی ڕەوشی سیاسیی هەرێمی كوردستانیش ئەوەی دووپات كردەوە كە پێویستە یەكڕێزیی نێوان لایەنەكانی كوردستان بپارێزرێت و، كێشەكان بە ڕێگەی دیالۆگ و لێكگەیشتن چارەسەر بكرێن. هەروەها باسی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عیراق كرد بەتایبەتی ئەو كیشانەی لە نێوان هەردوولادا دروست بوون و ئاماژەی بەوە دا كە پێویستە ئەو كێشانە بە ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەر بكرێن.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، سوپاسی ئەو پێشوازییەی كرد و باسی لە پەیوەندییە دێرینەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران و، هاوكارییەكانی تاران بۆ هەرێمی كوردستان لە كاتە سەختەكاندا، بە تایبەتی لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش كرد كە لە سەرەتای هێرشەكانی داعش هاوكاریی هەرێمی كوردستانیان كردووە و، هیوای بەردەوامیی ئەو هاوكارییەكانە و هاوكارییە مرۆییەكان بۆ ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەر و ئاوارانە خواست، كە لە ترسی تیرۆر ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.
لەبارەی توندوتۆڵكتركردنی پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێرانیشەوە، ئامادەییی هەرێمی كوردستانی بۆ هەر هەماهەنگی و هاوكارییەك دەربڕی. سەبارەت بە بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش، (نێچیرڤان بارزانی) پاڵپشتیی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ پاراستنی یەكڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەكان، بەرز نرخاند و، دووپاتی كردەوە، بۆ هێوركردنەوەی ڕەوشی ئەم دواییەی هەرێمی كوردستان كە چەند ڕووداوێكی نەخوازراوی لێكەوتەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ناچار بوو هەندێك هەنگاو بنێت. هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقیش كرد و جەختی لەوە كردەوە، لە هەوڵەكانیان بەردەوام دەبن بۆئەوەی ئەو كێشانەی لە نێوان هەولێر و بەغدا هەن، بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەر بكرێن.
هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ناوچەكە بە شێوەیەكی گشتی و چەند بابەتێكی پەیوەندار بە هەردوولا، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو و، هەردو لا جەختیان لەوە كردەوە، كە پێویستە پەیوەندییە دێرین و دۆستایەتییەكانی نێوان خەڵك و حكوومەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام و بەهێزتر بكرێت.
 

هەواڵی پەیوەندیدار