٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زێباری، سێ هەو‌اڵی دڵخۆشكەری پێن

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت، وەكو فراكسیۆنی پارتی لەگەڵ وەزیری دارایی حكوومەتی عێراق لە پێناو بەدواداچوونی ژمارەیەك پرسی گرینگ كۆ بوونەتەوە.

(سیروان سیرینی) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ‌ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانـی راگەیاند: "لە پێناو بەدواداچوون بۆ چەند پرسێكی گرینگی پێوەست بە هەرێمی كوردستان، وەكو فراكسیۆنی پارتی لەگەڵ (هوشیار زێباری) وەزیری دارایی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ كۆ بووینەوە و سێ هەواڵی دڵخوشكەری باس كرد".

(سیرینی) گوتیشی: "دوای ئەوەی ڕەوشی پێشمەرگەمان بۆ باس كرد، لە وەڵامدا وەزیری دارایی گوتی، زۆر بە جیددی لەگەڵ (حەیدەر عەبادی) باسی مافەكانی پێشمەرگەمان كردووە و بەڵێنی داوە لەم ماوەیەدا دوو مووچە خەرج بكات، هیوادارین لێی پەشیمان نەبێتەوە. پێوەست بە مافی جووتیارانیش وەزیری دارایی گوتی، پارەی گەنمی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ بڕیاری خەرجكردنیمان داوە، بەڵام جێبەجێكردنی لە دەسەڵاتی وەزارەتەكانی بازرگانی و كشتوكاڵە، چونكە بەداخەوە هەندێك كەس ڕاستییەكان دەشێوێنن و هۆكاری دابەشنەكردنی دەخەنە ئەستۆی وەزیری داراییەوە".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران، پێوەست بە بوودجەی 2016ـی عێراقیش گوتی: "گفتوگۆمان لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران و (حەیدەر عەبادی) كرد، سەبارەت بە مافەكانی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠١٦ـی عێراق تاوەكو مافەكانی كورد وەكو خۆی بمێنن و دواتر بوودجە ڕەوانەی پەرلەمان بكرێت، لەمەیشدا سەركەوتوو بووین و بە لەبەرچاوگرتنی مافەكانی كورد،‌ لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسەند كرا".

 

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار