بەرپرسی هۆبەی لێكۆڵینەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی دەستپاكیی كەركووك كوژرا

كەركووك-KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووك رایدەگەیێنێت، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، بەرپرسی هۆبەی لێكۆڵینەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی دەستپاكی كەركووك لە یەكێك لە گەڕەكەكانی نێو شاری كەركووك بە دەستدڕێژی گولـلە كوژراوە و، لەو بارەیەیشەوە لێكۆڵینەوە دەستی پێ كردووە.
عەمید (سەرحەد قادر) بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە، لە كاتی چوونی بۆ دەوام، لەلایەن ژمارەیەك چەكداری نەناسراوەوە لە گەڕەكی عەسكەریی نێو شاری كەركووك، دەستڕێژی گولــلە لە بەرپرسی هۆبەی لێكۆڵینەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی دەستپاكیی كەركووك كراوە و بە هۆیەوە گیانی لە دەست داوە".
عەمید (سەرحەد) گوتیشی: "دوای گەییشتنی پۆلیس و ئاساییش بۆ شوێنی رووداوەكە، تەرمەكەی ڕەوانەی پزیشكی دادوەری كراوە و لێكۆڵینەوەیش لە چۆنیەتیی تەقەلێكردن و كوژرانی ئەو بەرپرسە دەستی پێ كردووە".
نەشوان بەرزنجی




