میرخان: پارتی دوابڕیاری خۆی لە بارەی یووسف محەممەدەوە داوە

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، پێش ئەوەی (یووسف محەممەد) بێتە هەولێر، ئاگادار كرابووەوە كە دۆخەكە ئاڵۆزە و چەند رۆژێك نەیەتە هەولێر، بەڵام تەحەددای كردبوو، بۆیە رێگەی پێ نەدرا بێتە هەولێر. جەختیش دەكاتەوە كە، پارتی بڕیاری یەكجارەكیی خۆی داوە و جارێكی دیكە رێگەی پێ نادەن ببێتەوە سەرۆكی پەرلەمان.
(د. ئاراس حەسۆ میرخان) ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەو بڕیارەی پارتی لەبارەی تاقمەكەی نەوشیروانەوە داویەتی، ناچاری بووە و باشترین چارەسەر بووە بۆ ئەوەی چیتر دۆخی هەرێمی كوردستان ئاڵۆزتر نەبێت و گۆڕان داهاتووی خۆی دیاری بكات و بزانێت كە ناتوانێت بە دژایەتیكردنی پارتی سیاسەت بكات، لە لایەك لەناو حكوومەتدا بێت و دژایەتیی حكوومەتیش بكات، بۆیە ئەگەر لە حكوومەتدا بەشدار بێت، پێویستە حكوومەتداریێتی بكات، ئەگەرنا ببێتە ئۆپۆزسیۆن، چونكە ئەوەی ئەوان دەیكەن جێگەی قبووڵ نییە".
(میرخان) گوتیشی: "مەرجی پارتی بۆ بەشداریكردنی گۆڕان لە حكوومەتەكانی داهاتوودا، ئەگەر بەشداری بكەن، پێویستە خۆیان یەكلا بكەنەوە، كە بەشداری لە حكوومەتدا دەكەن و ئۆپۆزسیۆن نابن".
ئەو بەرپرسەی پارتی ڕوونیشی كردەوە، راگەیێندراوەكەی تاقمەكەی گردەكە جێگەی پرسیارە و بە هەمان ئەو عەقڵییەتەی پێشوو بووە كە خەڵك هەڵخەڵەتێنن، چونكە ناكرێت تۆ پارتی بە كودەتاچی و قۆرخكردنی دەستەڵات وەسف بكەی و باس لەوەیش بكەی بەشداری لە حكوومەت دەكەی، بۆیە تووشی سەرلێشێواوی بوون.
(د. ئاراس) راشیگەیاند: "تاقمەكەی نەوشیروان دایاننابوو رەوشی هەرێمی كوردستان تێك بدەن و وایانزانی لایەنەكانیش پشتگیری دەكەن، بەڵام سەركەوتوو نەبوون و بۆیان نەچووە سەر".
دەشڵێت: "(یووسف محەممەد) هۆكاری تێكدانی رەوشی ئێستای هەرێمی كوردستان بوو، چونكە لە 23ـی حوزیراندا پارتی داوای لێ كرد بۆ چەند رۆژێك كۆبوونەوە دوا بخات، بەڵام رازی نەبوو و لە 19ـی ئابیشدا هەموو لایەنەكان داوای دواخستنی كۆبوونەوەی پەرلەمانیان كرد و دیسان رازی نەبوو، هەروەها پێش ئەوەی بێتەوە هەولێر داوای لێ كرا دۆخی ئەمنی ئەوە دەخوازێت كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ چەند رۆژێك دوا بخرێت و نەیەتە هەولێر، بەڵام تەحەددای هێزە ئەمنییەكانی كرد و هاتە بۆ هەولێر، كە سەرۆكی پەرلەمان پێویستە هۆكاری خێر بێت نەك تەحەدداكردن، بۆیە رێگری لێ كرا و رێگەیان نەدا بێتە هەولێر".
(میرخان) راشیگەیاند: "دەتوانین دانوستان بكەین لەبارەی بەشداریكردنی گۆڕان لە حكوومەتدا، بەڵام جارێكی دیكە (یووسف محەممەد) وەكو سەرۆكی پەرلەمان قبووڵ ناكەین و ئەمەیش دوابڕیاری پارتییە".
بڵند ئیبراهیم




