ئەحمەد کانی: پارتی مافی خۆیهتی بهبێ گۆڕان حكوومهت بهڕێوهببات
__2015_10_15_h16m18s13__LB.jpg)
ههولێر-KDP.info- بەرپرسی پێوەندییە کوردستانی و، عێراقییەکانی پارتیی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، بزووتنەوەی گۆڕان پیلانی ههبوو ئەگەر پیلانەکەیان سەری گرتبایە بێنە هەولێر و دهۆک و ئەو ئاژاوەگێڕییە لە سەرتانسەری هەرێمی کوردستان بڵاو بکەنەوە، لەگەڵ ئەوەیش مەبەستیان ئەوە بوو ئەو ئاشتی و تەبای و پێشکەوتنەی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان هەیە لەناو ببەن.
(ئەحمەد کانی) بەرپرسی پێوەندییە کوردستانی و، عێراقییەکان و ئەندامی سەرکردایەتی پارتیی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بزووتنەوەی گۆڕان هەر لە یەکەم ڕۆژی دروست بوونییەوە، تا ئەمڕۆ وازیان لە کێشە مێژووەکان نەهێنا کە هەیانبوو بەرانبەر بە پارتیی دیموکراتی کوردستان، بە تایبەتی نەوشیروان خۆی و تاقمەکەی، ئەوجارە پلانەکەیان چی بوو، ئەوەبوو کە منداڵانی هەرزەکار، کە بێ ئەوەی کە گەیشتبنە ئەو ئاستەی کە چییان دەوێت، بێنە سەر شەقام، بە ناوی ئەوەی کە قەیرانی دارایی هەیە، فەرمانبەران مووچەیان وەرنەگرتووە، لە شارۆچکەکان دەستی پێ کرد، پلانیشیان دانابوو بۆ گواستنەوەی ئەو گەنجانە، چونکە لە شارۆچکەکاندا ئەو ژمارە کەسەیان نەبوو، کە بتوانن پلانەکەیان جێبەجێ بکەن، بۆیە هەستان ئەو ئاژاوەگێڕانەی کە بە دەستیان کەوتبوون بیانگوازنەوە لەو شارە بۆ ئەو شارە دواتر ئەگەر بۆیان بچووبایەتە سەر ئەو ئاژاوەگێڕیە لەناو سلێمانی گەورەتر بکەن، لە هەڵەبجە بۆیان نەچووە سەر، خۆشبەختانە هەر زوو خەڵکی هەڵەبجە لێیان تێ گەیشت، لەو شارە خۆپیشاندانی مەدەنیانەیان کرد و پەیامەکەیان گەیاند، لەگەڵ ئەوەیش پلانەکەیان ئەوە بوو ئەگەر سەری گرتبایە بەرەو هەولێر ودهۆک بێنن، وا بکەن ئەو ئاژاوەگێڕییە سەرتانسەری هەرێمی کوردستان بگرێتەوە، کە مەبەستی سەرەکییان ئەوە بوو کە لە پێگەی پارتیی دیموکراتی کوردستان و پێگەی (سەرۆک بارزانی) بدەن، ئەوە حەقیقەتێکە و ناتوانن بشارنەوە، لەگەڵ ئەوەیش مەبەستیان ئەوە بوو ئەو ئەزموونەی دروست بووە لەسەر دەستی پارتێکی سەرەکی، کە پارتیی دیموکراتی کوردستانە، ئەو ئەزموونەیش لەناو ببەن، لێرەش بمانەوێت، نەمانەوێت هەندێک کەس و لایەن هەن نایانەوێت ئاشتی و تەبای و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئەو پێشکەوتنەی هەرێمی کوردستان بەخۆیەوە بینیوە لەناو ببەن، لەو هاوکێشەیە زۆر لایەن هەبوون بەشدار بوون، حکوومەتی عێراق کە بوودجە و مووچەی هەرێمی کوردستانی بڕی، یەکێکە لە لایەنە سەرەکییەکان، کە لەکاتی خۆی مالیکی و ئێستایش هیچ ئاسۆیەکی ڕوون نابینرێت.
گوتیشی: ئێمە وەک پارتی لەگەڵ حزبەکان ڕێککەوت بووین، لە نێوان ئەو حزبانەیش بزووتنەوەی گۆڕان بوو، پێمان خۆش بوو بە ڕاستی ئارامییەک لە هەرێمی کوردستان دروست ببێت، لەبەر ئەوەی 17ـی شوبات بە شێوەیەک لە شێوەکان دەرهاویشتەی سلبی لەسەر هەرێمی کوردستان هەبوو، بۆیە لەو ڕوویەوە پارتی زۆر هەوڵی دا زۆر نەرمی نواند بۆ ئەوەی ناو ماڵی کورد یەک بخرێت و یەکڕیزی ناو ماڵی کورد بپارێزرێت، بەڵام بەداخەوە هەر لەیەکەم ڕۆژی دامەزراندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کابینەی هەشت، هەستمان نەکرد کە بزووتنەوەی گۆڕان و کارەکتەرەکانی ئەو بزووتنەوەیە چ لەناو حکوومەت، چ لەناو پەرلەمان بە نەفەسێکی بنیات نانەوەی هەرێمی کوردستان هاتبن، بەڵکو دەستیان کرد بە هەموو شتێک ئەوەی پێیان کرا لە دژایەتی کردنی حکوومەت و پەرلەمان کردیان، تەنانەت یوسف محەمەد بە ڕێککەوتن
دانرابوو، هەمیشە هەوڵی دەدا لە جیاتی ئەوەی پەرلەمان ئەکتیف بکات، پەرلەمانی پەک دەخست، ئەگەر غیبرەیەکی پەرلەمانی سیاسی هەبووایە دەیتوانی ڕۆڵێکی زۆر ئیجابی ببینێ و هەمیشە فاکتەرێکی خێر بایە و پەیوەندیەکانی خۆ لەگەڵ مەکتەبی هەموو حزبەکان باش بکات، بۆ زاڵبوون بەسەر هەموو ئەو کێشانەی دێنە پێشەوە، بەڵام ئەو نەخێر یەکسەر هات بە هەموو شێوەیەک ئەجێندای حزبەکەی خۆی جێبەجێ کرد، ئەویش لێکترازان و پەرتەوازەکردنی پەرلەمان بوو، بۆیە ئەوان بە هیچ شێوەیەک ئیلتزامیان بەو ڕێککەوتنەوە نەبوو، ئەو ڕێککەوتنە ڕێککەوتنێکی سیاسی حزبەکان بوو هیچ پەیوەندی بەلایەنی یاسایی نیە، کە گوێمان لێ دەبێت دەڵێن ئایا ئەوە ڕێکارێکی یاساییە، بەڵکو ڕێکارێکی سیاسیە و لایەنێک دژی ڕێککەوتنەکەی خۆی دەوەستێتەوە، لایەنێک بە هەموو شێوەیەک دژایەتی حکوومەت دەکات، لایەنێک پشێوی و ئالۆزی و ئاژاوەگێڕی دەنێتەوە، بۆیە پارتی مافێکی سروشتی خۆیەتی ئەو ڕێککەوتنە هەڵبوەشێنێتەوە و ئەو حکوومەتە بە بێ گۆڕان بەڕێوەببات، ئێمە دووپات دەکەینەوە کە پارتی هیچ کێشەیەکی شەخسی نەبووە لەگەڵ وەزیرە بەرێزەکان کە مرۆڤی زۆر باش بوونە، بەڵام بەداخەوە بەرنامەی حزبەکەیان لە بەرژەوەندی گەلی کوردستان نەبووە، لە بەرژەوەندی بەیەکەوە کارکردن و پێشخستنی وڵات و چارەسەرکردنی قەیرانەکان نەبووە، جگە لەو قەیرانانەی هەنە ئەوان قەیرانی دیکەیان دروست کردووە، هەوڵیان داوە ئەو حکوومەتە خەریک بکەن بە شتی لابەلا، لەجیاتی هاوکاری حکوومەت بن بۆ ئەوەی بەسەر قەیرانی دارای زاڵ بێت، کەچی لە جیاتی ئەوە کێشەکەیان قووڵتر کردووەتەوە و خەڵکیان چەواشە کردووە، خەڵکیان بە خەڵەت تێ بگەینن کە بەوەی پارە هەیە بەڵام حکوومەت پارە نادات بە خەڵک، ئەوەیش زۆر دوورە لە ڕاستی، لە کاتێکدا وەزیری دارای کە لەوان بوو لەلایەن سەرۆکی حکوومەت بە هەموو شێوەیەک پشتگیری لێ کرا بوو، ئەگەر بە بیریان بێتەوە جارێک لە جاران سەرۆکی حکوومەتی هەرێم سەردانی وەزارەتی دارایی کرد و کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەست و باسی لەوە کرد کە هەر کەم وکوڕیەک لە وەزارەتی دارایی هەبێت ئەوا ئەو وەک سەرۆکی حکوومەت بەرپرسیارەتەکە دەگرێتە ئەستۆ، لەکام حکوومەت بەو شێوە بووە کە سەرۆکی حکوومەت بەرگری لە وەزیرێکی خۆ بکات.
رابین شێروانی




