نوێنەری حزب و لایەنە سیاسییەكانی عێراق لە لەندەن، بە بایەخەوە دەڕواننە ڕۆڵی سەرۆك بارزانی

بەریتانیا-KDP.info- نوێنەری حزب و لایەنە سیاسییەكانی عێراق لە بەریتانیا، بە بایەخەوە دەڕواننە ڕۆڵ و پێگەی (سەرۆك بارزانی) و، داوایش دەكەن سەرجەم كێشەكان لە رێگای گفتوگۆ و دانوستانەوە چارە بكەن و، رێز لە سەروەریی یاسا بگیرێت و خۆپیشاندانەكان بە شێوەیەكی یاسایی و رێكوپێك بەڕێوە بچن.
بە مەبەستی ئاگاداركردنەوەی نوێنەری حزب و لایەنە سیاسییەكانی عێراق لە بەریتانیا سەبارەت بە راستییەكانی رووداوە گێرەشێوێنییەكانی ئەم دواییەی كوردستان و بۆچوونی پارتی بەرانبەر دواپێشهاتەكانی كوردستان، شاندێكی پارتی كە پێك هاتبوو لە، (شێركۆ حەبیب) ئەندامی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، (كەمال ئامێدی) بەرپرسی ناوچەی لەندەن، لەگەڵ نوێنەری چەندین حزب و لایەنی سیاسیدا كۆ بووەوە.
سەرەتا شاندی پارتی باسی لە دواپێشهاتەكانی كوردستان كرد، هەروەها ئاماژەی بە بۆ چوونی پارتی كرد بەرانبەر پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم و ئەوەی خستە روو كە، پارتی هەردەم بڕیار و دەنگی میللەتی لا گرینگە، بۆیە سوورە لەسەر ئەوەی میللەت بە ئازادانە سەرۆكی خۆی هەڵبژێرێت، كە ئەمە مافێكی سرووشتی و دیموكراسیی خۆیەتی.
سەبارەت بە هەڵوەشانەوەی رێككەوتنەكەیشی لەگەڵ تاقمەكەی نەوشیرواندا، شاندی پارتی هۆكارەكانی بۆ نوێنەری ئەو لایانانە خستە روو، هەروەها جەختی كردەوە كە، پارتی هەردەم پشتگیریی داواكاریی هاووڵاتیانی كردووە و، لەگەڵ هەموو خۆپیشاندانێكی یاسایی و شارساتییە كە هاووڵاتیان داوای مافەكانیان دەكەن.
شەڕی دژ بە تیرۆر و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە قارەمانەكان و، پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر، بەشێكی دیكەی دیدارەكە بوو كە را و بۆچوونی لەسەر ئاڵوگۆڕ كرا.
نوێنەری ئەو حزب و لایانە كە پێك هاتبوون لە، (ئیحسان ئەلحەكیم) بەرپرسی نووسینگەی ئەنجوومونی باڵای ئیسلامیی عێراقی، (د. رەزوان ئەلوەكیل) نوێنەری حزبی شیوعی عێراقی، (شێخ عەبدولحوسێن ئەلحجامی) سكرتێری گشتیی بزووتنەوەی وەفای راپەڕینی شەعابنییە و عەشایری عێراقی، (د. عومەر ئەلسكبان) یاریدەدەری سكرتێری گشتیی بزووتنەوەی وەفای راپەرینی شەعابنییە و سكرتێری گشتیی عەشایری عێراقی، (نەدیم ئەلعەبدوڵڵا)، (عەلی شەوكەت) لە لیژنەی هەماهەنگی تەیاری دیموكراتی عێراقی لە بەریتانیا، (فەیسەڵ عەبدوڵڵا) رێكخەری لیژنەی تەیاری دیموكراتی، كە نیگەرانی و دڵەڕاوكێی خۆیان نیشان دا لە بەرانبەر ئەو كارە گێرەشێوێنیانەی رووی دا، ئاماژەیشیان بە رۆڵ و گرینگیی پێگەی (سەرۆك بارزانی) كرد و داوایان لە (سەرۆك بارزانی) كرد بە شارەزایی و لێهاتوویی و گەورەیی خۆی ئەم كێشەیە چارە بكات.
هەروەها داوایان كرد سەرجەم كێشەكان لە رێگای گفتوگۆ و دانوستانەوە چارە بكەن و رێز لە سەروەریی یاسا بگیرێت و خۆپیشاندانەكان بە شێوەیەكی یاسایی و رێكوپێك بەرێوە بچن.




