سهرچاوهیهك: خهریكه سەرلەنوێ فیرقەی 12 و عەمەلیاتی دیجلە تەشكیل دهكەنەوە

كەركووك-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی لە كەركووك دەڵێ، كاتی خۆیشی كە پارتی ترسی هەبوو لە هاتنی هێزی حەشدی شەعبی بۆ سنووری كەركووك، بە هۆی هەڕەشە و گوڕەشە بێبنەمایەكانیانەوە بوو. سەرچاوەیەكیش ئاشكرای كرد كە، ههوڵ ههیه حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بێننەوە ناو شاری كەركووك.
بەشێك لە میدیاكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە زاری بەرپرسانی حەشدی شەعبییەوە بڵاویان كردووەتەوە كە گوایە "حەشدی شەعبی هەڕەشە لە كورد دەكەن بەوەی كە بە چەك ڕووبەڕووی كورد دەبنەوە لە شاری كەركووك، لە ئاییندەیەكی زۆر نزیكدا كەركووك لە داگیركاریی كورد رزگار دەكەن و هەڕەشەیش لە كوردەكان دەكەن بە سزای دادگەری."
پێوەست بەو پرسەیش، دكتۆر (محەممەد خورشید) مامۆستای زانكۆ و ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەم هەڕەشانە شتێكی كۆنن و ئێستا دووبارە نوێ كراونەتەوە، كاتی خۆیشی كە پارتیی دیموكراتی كوردستان ترسی هەبوو لە هاتنی هێزی حەشدی شەعبی بۆ سنووری كەركووك، هەر بەهۆی ئەم هەڕەشە و گوڕەشە بێبنەمایانەوە بوو، لە ئێستایشدا خۆ حەشدی شەعبی بارودۆخی لەبار نییە، ناتوانن بچن ئەنبار بگرنەوە جا چجای ئەوەی بێن كەركووك داگیر بكەن، راستییەك هەیە كە دەبێ بیزانین، ئەگەر هێزە شیعی و عەرەبییەكان بۆیان بچێتە سەر، نەك هەر كەركووك، بەڵكە دەیانەوێ هەموو كوردستان لە ژێردەستی ئەواندا بێت".
(خورشید) گوتیشی: "هەندێك گرفت لە نێوان پێكهاتەكانی كەركووكدا هەن كە دەبێ بە دروستی بخوێندرێنەوە و، ئەم گرفتانەیش لەم ماوەیەدا زیاتر زەق كراونەتەوە و لایەنی سوننەی عەرەب و عەرەب بە گشتی، پەیوەندییان لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك پچڕاندووە و، یەكشەممەی رابردوویش توركمان پەیوەندییەكانیان پچڕاند، ئەم كێشەیە دوو بەشە، یەكێكیان پەیوەندی بەو تیرۆركردنە فەردییەی خەڵكەوە هەیە لە ناوشاری كەركووك و، بەشێكیشی پەیوەندی بەوەوە هەیە كە خەڵك لە دەرەوەی كەركووك چۆن ئەو بابەتانە دەقۆزێتەوە و سیاسییەكانی نەتەوەكانی دیكە لە دژی كورد هان دەدەن، بەڵام خۆ ئەو بابەتانە پەیوەندی بە هێزە ئەمنییەكانی ناوشاری كەركووكەوە هەیە، نەك هێزی پێشمەرگە كە لە سنوورەكانن، چونكە پێشمەرگە هاووڵاتیانی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانەوە لە هەڕەشەی تیرۆریستان دەپارێزن، بەڵام ئەم لایەنە شیعیانە دەیانەوێ بە بڵاوكردنەوەی لێدوان و بابەتی وەها، ناوی پێشمەرگە بزڕێنن".
سەرچاوەیەكی باڵای سەربازییش لە كەركووك كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ههوڵ ههیه لە كەركووك، بۆ پشتگیریی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق و لە دهخوازن ئەم هێزانە بێننەوە ناو شاری كەركووك. حەفتەیەك لەمەوبەر سەرۆكی هێزی زەمینیی عێراقی هاتبووە شاری كەركووك و، چاوی بە چەند بهرپرسێكی شارەكە كەوتبوو، بڕیاریشە لە رۆژی یەكشەممە 18ـی تشرینی یەكەمەوە فیرقەی 12ـی سوپای عێراق لیژنەیەكیان بێتە سنووری كەیوان و، دەست بكەن بە ناونووسینی خەڵك بۆ سوپای عێراق و، سەرلەنوێ فیرقەی 12 و عەمەلیاتی دیجلە تەشكیل بكەنەوە، ئەمەیش زەنگیكی خەتەرناكە و سەرەتای رێككەوتنێكی نهێنی لایەنێكی دیاریكراوە لە پشتی پەردەوە بۆ ئەم مەسەلەیە."
سەرباز واحد




