موسلیم دڵنیایی ده‌داته داوودئۆغڵو: ئه‌و چه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆی ڕه‌وانه كردووین نایده‌ین به په‌كه‌كه

هه‌ولێر-KDP.info- هاوسه‌رۆكی په‌یه‌ده(ساڵح موسلیم) رایده‌گه‌یاند، ئه‌مه‌ریكا 50 تۆن چه‌كی گه‌یاندووه‌ته ئه‌و هه‌رێمانه‌ی كه له‌ژێر كۆنترۆڵی ئێمه‌دایه. ده‌شڵێت، ئێمه هێرش ناكه‌ینه سه‌ر كه‌س، به‌ڵام ئه‌گه‌ر توركیا هێرش بكاته سه‌ر رۆژئاوا، ئه‌وا خۆمان ده‌پارێزین.
له‌و هه‌واڵه‌دا كه مێدیاكان بلاویان كردووه‌ته‌وه، هاوسه‌رۆكی په‌یه‌ده هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: "ئه‌مه‌ریكا 50 تۆن چه‌كی گه‌یاندووه‌ته ئه‌و هه‌رێمانه‌ی له‌ژێر كۆنترۆڵی ئێمه‌دایه، ئه‌و چه‌كانه بۆ ئێمه و بۆ ئه‌و هێزانه‌یه كه له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا هاوپه‌یمانێتییان هه‌یه، ئه‌مه هه‌نگاوی سه‌ره‌تایه و به‌رده‌وام ده‌بێت".
له وه‌ڵامی سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیایشدا كه گوتوویه‌تی، ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵه ده‌كات كه جه‌ك ده‌دات به په‌یه‌ده و دواتر ده‌گاته ده‌ست په‌كه‌كه، (ساڵح موسلیم) گوتی: "پێویسته ئیتر (داوودئۆغڵو) ده‌ست له لێدوانه بێبنه‌ماكانی به‌ربدا و، ئه‌و چه‌كانه ته‌نها بۆ ئێمه نین، به‌ڵكو بۆ ئه‌و گرووپه عه‌ره‌بانه‌یشه كه له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا له دژی داعش له خه‌باتدان، ئه‌و بانگه‌شانه‌یش كه ده‌ڵێن ئه‌و چه‌كانه له توركیا، یان جێگه‌یه‌كی تر به كار ده‌هێنرێن چه‌واشه‌كارییه، ته‌نانه‌ت ئه‌و چه‌كانه ئه‌گه‌ر به‌شی خۆمان بكات، تا له شه‌ڕی دژی داعش به كاری بهێنین و خۆمان بپارێزین، بۆ په‌كه‌كه ناچێت و له دژی توركیا به كار نایه‌ن".
هه‌ر ده‌رباره‌ی لێدوانی سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا كه ده‌ڵێ، توركیا هه‌ر ڕێوشوێنێك ده‌گرێته به‌ر بۆ پاراستنی سنووره‌كه‌ی، (موسلیم) ئاماژه‌ی دا، "ئێمه هێرش ناكه‌ینه سه‌ر كه‌س و، ئه‌گه‌ر توركیایش هێرش بكاته سه‌ر رۆژئاوا، ئه‌وا خۆمان ده‌پارێزین.. ئێمه هه‌میشه بانگی برایه‌تیمان له توركیا كردووه و تا ئێستایش هه‌ڵوێستێكی نه‌رێنیمان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌واندا نیشان نه‌داوه".
لێدوانی هاوسه‌رۆكی په‌یه‌ده، ئه‌و هه‌واڵه پشڕاست ده‌كاته‌وه كه، دوێنێیش سه‌رچاوه‌یه‌ك له رۆژئاوای كوردستان كه نه‌ویست ناوی ببرێت به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند، (لاهوور شێخ جەنگی) بەرپرسی دەزگای زانیاری رایگەیاندبوو کە، 120 تەن چەک و تەقەمەنییان به شێوەی راستەوخۆ بۆ شەڕڤانانی رۆژئاوا ناردووە. سەرچاوەیەکی ئاگادار لە رۆژئاوا ڕایگەیاند که ئه‌م بانگه‌شه‌ی هیچ بنه‌مایه‌کی نییه و هیچ بارێکی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نییان پێ نه‌گه‌یشتووه .ئه‌م سه‌رچاوه‌یه ئاشکرای کرد، که ئه‌وان هیچ جۆره هاوکارییه‌کی سه‌ربازییان له (لاهور)ه‌وه پێ ناگات و، ئه‌م کاره ئه‌رکی ئه‌و نییه، چونکه ئه‌و ئالیته‌ی دانراوه له ده‌سته‌ڵاتی ئه‌و دووره.




