مەلابەختیار: هیچ کەس ناتوانێ لە یەکێتی و پارتی باشتر نەسیحەتی خۆی بکات.. بە رووخانی کۆڵەکەیەکی حکوومەت، یەکێتی بەرچاوی ڕەش نابێت

ههولێر-KDP.info- (مەلابەختیار) بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گوتی، "هیچ کەسێک ناتوانێت کوردایەتی بە یەکێتی و پارتی بفرۆشێت و، هیچ کەسێکیش ناتوانێ لە یەکێتی و پارتی باشتر نەسیحەتی خۆی بکات".
(مەلا بەختیار) لەمیانەی چلەی ماتەمینی لیوا (سەفین عەبدولمەجید)، كه دوێنێ ئێواره ڕێك خرابوو، جهختی كردهوه " تاوەکو 10 تا 15 ساڵی دیکە هیچ شتێک بەبێ یەكێتی ناکرێت و کەسیش ناتوانێ کوردایەتی بە یەکێتی و پارتی بفرۆشێت".
مەلا بەختیار بە راشکاوی رایگەیاند "یەکێتی بە هەموو شێوەیەک دژی دوو ئیدارەییە و لە هەرشوێنێک هەرکارێک یان هەرجمووجوڵێکی سەربازیی بەو ئاڕاستەیە بڕوات، یەکێتی پێشی لێدەگرێت و نایەڵێت سەربگرێت".
بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئاماژەی بە هەوڵەکانی یەکێتی کرد بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و گوتی:"یەکێتی دەستی بە کۆبوونەوە کردووە لەگەڵ گشت لایەنەکان و چاوەڕێی (نەوشیروان مستەفا) دەکەین بۆ بەردەوامبوون لە گفتوگۆکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، نەک قووڵکردنەوەیان و ئەگەر هەڵەیش بکەین دەبێ چارەسەری بکەین نەک قووڵتری بکەینەوە".
دهربارهی بە کشانەوە یان نەکشانەوەی یەکێتی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای ئەوەی گۆڕان لە حکوومەت دوور خرایەوە، دهڵێ "یەکێتی دژی هیچ لایەنێکی دیکە ناچێتە هیچ بەرەیەکەوە''، گوتیشی، ''یەکێتیی نیشتمانی 4 ساڵەکەی پەرلەمان و حکوومەت تەواو دەکات، چونکە پابەندە بە بڕیاری میللەتەوە کە بمێنیتەوە، نەک پابەند بێت بە بڕیار و رێککەوتنی سیاسییەوە".
لەبارەی دوورخستنەوەی گۆڕانیشەوە گوتی "بە رووخانی کۆڵەکەیەکی حکوومەت یەکێتی بەرچاوی رەش نابێت و، هەوڵ دەدەین گفتوگۆکانمان لەگەڵ پارتی باشتر بێت لە جاران و، بەدیقەتتریش بێت و باشتر گوێ لە یەکتری بگرین".
(مەلابەختیار) هۆشداریشی دا لەوەی "چەندین بەرمیل بارووتی نەتەقیو لە کوردستان هەیە و، هیوادارم بە ئاگری دەورووبەر ئەو بەرمیلانە نەتەقنەوە".




