"نه‌ده‌بوو له به‌غدا كێشه‌كانی هه‌رێم به‌یان بكه‌ن"
__2015_10_13_h18m41s45__LB.jpg)
بەغدا ـKDP.infoـ ئه‌ندامی كوردی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان، ڕایده‌گه‌یێنێت پارتی له‌گه‌ڵ ته‌واوی مافی هاووڵاتیان و خۆپیشانده‌راندایه به شێوه‌ی مه‌ده‌نی و هێمنانه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نییه كێشه‌كان ببەنە به‌رده‌می به‌غدا و داوای چاره له‌وان بكرێت.
(د. ئه‌شواق جاف) ئه‌ندامی كورد له فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "به داخه‌وه ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن چوارلایه‌نه‌كه به‌یاننامه‌یه‌ك خوێنرایه‌وه و، گوتمان و هه‌وڵمان دا كه ئه‌و كێشانه له ڕێگه‌ی مێزی گفتوگۆ له هه‌رێم چاره بكرێت، به‌ڵام دیار بوو ویستیان كێشه‌كان بده‌نه به‌غدا؛ بۆیه ده‌ڵێین داواكردن له به‌غدا شه‌رعیه‌تدانه به‌وان، کەچی به پێی یاسا و ده‌ستوور، به‌غدا بۆی نییه ده‌ست بخاته نێو كاروباری هه‌رێمەوە؛ پاشانیش به‌غدا ئەگەر ئه‌وه‌نده دڵسۆزی هه‌رێمە، بۆچی بوودجه‌ی پێشمه‌رگه نانێرێ كه شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش ده‌كات؟ بۆچی بوودجە‌ی هه‌رێمی بڕیوه و، به بڕیارێكی زاره‌كی ناینێرن؟ پاشانیش بردنی ئه‌و كێشانه بۆ به‌غدا چ سوودێكی ده‌بێت بۆ هاووڵاتیان كه پاره‌ی گه‌نمی جووتیاران نانێرن ماوه‌ی دوو ساڵه؟ ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی هاووڵاتیانمان بوێت ده‌بێت پشتگیری داواكانیان بین، وه‌كو پارتی له‌گه‌ڵ ته‌واوی مافی هاووڵاتیان و خۆپیشانده‌رانه به شێوه‌ی مه‌ده‌نی و هێمنانه كه مافی خۆیانه و ڕه‌وایه، بەڵام بردنی ئه‌م كێشانه بۆ به‌غدا زیان ده‌گه‌یێنێت به پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان و هیچ سوودێکیشی نابێت."
نەشوان بەرزنجی




