لقی ١٩: هەوڵدان بۆ هێرشكردنەسەر بارەگاكانمان بەردەوامە

چەمچەماڵ-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٩ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە چەمچەماڵ دەڵێت: "شەوی رابردوو جارێكی دیكە تەقە لە بارەگای لقی پارتی كرا، بەڵام هیچ زیانێكی نەبوو و، لە ئێستایشدا هەوڵدان بۆ هێرشكردنەسەر بارەگاكانی پارتی بەردەوامە و، بە رێككەوتن چەند بارەگایەكی خۆمان رادەستی هێزە ئەمنییەكان كردووە".
بەرپرسی لقی ١٩ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە چەمچەماڵ (د.فەرهاد كەركووكی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "شەوی رابردوو چەند ئۆتۆمبێلێك تەقەیان لە بارەگای لقی پارتی كرد، بەڵام هیچ زیانێكی نەبووە و دواتر بە رێككەوتن بارەگاكانی خۆمان رادەستی هێزە ئەمنییەكان كرد و، خۆیشمان چووینە ناو بارەگای لق و لە ئێستایشدا تەنیا ئەو بارەگایە لە دەست ئێمەدایە".
بەرپرسی لقی ١٩ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە چەمچەماڵ گوتیشی، "ئەگەرچی مەبەستی ئێمە لە رادەستکردنی بارەگاکانمان بە دەستگا ئەمنییەکان بۆ ئەوەیە، گرژیی زیاتر دروست نەبێ و خۆ لادانە لە بەڵای گێرەشێوێنان، بەڵام هەوڵدان بۆ هێرشكردنەسەر بارەگاكانی پارتی بەردەوامە، ڕاستییەکەی دەستگا ئەمنییەكان هێشتا بارەگاکانیان بۆ پاراستووین، بەڵام چونکە هەڵمەتی سووتاندن و تێکدان و ئاژاوەگێڕان زۆرتر پاشنیوەڕۆیانە، نازانین کە دواتر چ ڕوو دەدات."
(كەركووكی) ڕوونیشی كردەوە، خەڵكێك دەیەوێت كاری گێرەشوێوێنی ئەنجام بدات و دۆخەكە تێك بدات، لە ئێستایشدا ئێمە لەناو بارەگای لقین و لەوێ كۆ بووینەتەوە".
بڵند ئیبراهیم




