عەلی عەونی: ئەوانە كۆمەڵێك ئاژاوەگێڕ و بەردوەشێنی گۆڕانن.. خەڵكی ئاسایی نین

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی لقی 20ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیێنێت: "ئەوەی دەكرێت خۆپیشاندان نییە، بەڵكە ئەمانە كۆمەڵێك ئاژاوەگێڕ و بەردوەشێنی سەر بە گۆڕانن و خۆیان بە بەرپرسیار نازانن و، هەڵدەکوتنە سەر بارەگا و ناوچەكانی ئێمە، خەڵكی دەستلەپشتدراو و ئاڕاستەكراون لەلایەن مەكۆكانی گۆڕان و لەوێوە رێنماییان دەكرێت".
(عەلی عەونی) ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی لقی 20ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانـی راگەیاند: "ئەوەی دەكرێت خۆپیشاندان نییە، بەڵكە ئەمانە كۆمەڵێك ئاژاوەگێڕی سەر بە گۆڕانن و خۆیان پێ بەرپرسیار نییە، ئەگینا ئەو خەڵكەی دەبووایە خۆپیشاندان بكات، جەماوەری كوردستان بوون لە كارمەندانی حكوومەت كە بە رێگای مەدەنی رێگایان پێ دراوە، بەڵام كاتێك مامۆستایان و فەرمانبەران بینییان گۆڕان و كۆمەڵ و لایەنی دی، دەیانەوێت بۆ بەرژەوەندیی تەسكی حیزبی ئەو هەلە بقۆزنەوە لە خۆپیشاندانی ڕەوای ئەوان، هەر زوو خۆیان كێشایەوە و بڕیاریان دا و گوتیان ئێمە خۆپیشاندان ناكەین".
(عەلی عەونی) گوتیشی: "ئەوانەی دەچنە سەر بارەگا و ناوچەكانی ئێمە، خەڵكی دەستلەپشتدراو و فووتێكراون و لەلایەن مەكۆكانی گۆڕانەوە ئاڕاستە كراون و لەوێوە رێنماییان دەكرێت و كادیرانی پایەبەرزی لایەنەكانن كە بە بەلگەوە وێنەیان گیراوە لە كاتی چوونەسەر بارەگاكانمان، دڵنیایشم ئەوانەی پەلاماری بارەگاكانی ئێمەیان دا، خەڵكی ئاسایی نین، بەڵكە ئەندامی خۆیانن".
ئەو هەروەها زیاتر گوتی: "لەم حكوومەتەدا سەدا 75 بەرپرسیارەتی لە دەستی لایەنەكانی دیكەدایە و پارتی لەنێو حكوومەتدا كەمینەیە، پێویستە چوار لایەنەكەیش تەحەموولی بەرپرسیارەتیی خۆیان بكەن و رێنمایی دروست بدەن بە خەڵك و فریویان نەدەن، لێرەیشەوە بۆ ڕای گشتی دەڵێم، دەبێت خەڵكی كوردستان زانیاریی دروستی پێ بدرێت، چونكە هاووڵاتیانی ئەم هەرێمە، هێژان".
بەرپرسی لقی 20ـی پارتی دەشڵێت: "پرۆسەی چاكسازی و دژایەتیی گەندەڵی، ئەسڵەن پڕۆسە و بەرنامەی پارتییە و، ئەو ساتەی كە دامەزرا، لە دژی گەندەلی دامەزرا، ئێمەیش پێمان وایە كۆمەڵگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە جارێك نوقمی گەندەڵی بووە و پێویستە هەرێمی كوردستان خۆی جیا بكاتەوە، بۆیە لەسەر ئاستی حكوومەتیشدا جەنابی (نێچیرڤان بارزانی) داوای لە گشت وەزیرەكانی كابینەكەی كردووە هەركەسە و لای خۆی دەست بكات بە چاكسازی و نەهێشتنی كەموكوڕی و، كەسیش دەستیانی نەگرتووە، بەڵام دەبینین ئەو وەزیرانەی زیاتر پڕوپاگەندەی چاكسازییان دەكرد، لە هەموویان گەندەڵتر دەرچوون، ئەو هەموو هەرایەی كە (حاسیبەکەی گۆڕان!) لە بەیانییەوە تاوەكو ئێوارە بە حاسیبە لەسەر تی ڤی دەیكرد، ئاخیرەكەی لەوەدا خۆی بینییەوە كە داوای كردبوو پاڵاوتەیەكیان دەوێت و چەند عەقدێكیشی لەگەڵ ژمارەیەك كۆمپانیای وەهمیی كڕین و فرۆشتنی نەوت كردبوو، بەڵام وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان پێی زانی و، دەرچوو كێ گەندەڵە و كێ پاكوخاوێنە".
نەشوان بەرزنجی




