مینا سامی: گۆڕان هانیان دهدات تا به بهرد و گولله هێرش بكهنه سهر بارهگاكانی پارتی
__2015_10_10_h20m6s1__LB.jpg)
سلێمانی-KDP.info- ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، بزووتنەوەی گۆڕان هاووڵاتیان هان دەدات بۆ ئەوەی بە بەرد و گوللە هێرش بکەنە سەر بارەگاکانی پارتی و بیسووتێنن؛ هاووڵاتیان کوشتوبڕ بکەن! ئەوانەی بوونەتە خوێنیی منداڵان دەبێت لێیان بپێچرێتەوە و، بدرێنە دادگا.
(مینا سامی) ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ئەم ئاژاوەیەی ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا هەڵگیرساوە، ئاخر کارتی بزووتنەوەی گۆڕانە؛ لە گەمەی سیاسیی دیارە وا پێویست ناکات هەموو کارتەکانی خۆت بە جارێک بخەیتە سەر مێزی گفتوگۆ، بەڵام گۆڕان سەرەتا خۆی کردبوویە ئۆپۆزسیۆن، پاشان بوونە برابەشی حکوومەت و، شکستیان خوارد، داراییەکەیان پێ ئیدارە نەکرا؛ ئینجا لە پەرلەمانیشدا شکستیان هێنا، ئەمڕۆیش بە دنەدانی خۆپیشاندەران دوایین کارتی خۆیان بەکار دێنن؛ خۆپیشاندان مافێکی ڕەوای هاووڵاتیانە و، هەقی خۆیان بۆ داواکارییەکانی خۆیان خۆپیشاندان بکەن، بەڵام بە مەرجێک بە شێوەیەکی ئاسایی داوای بکەن. لە ڕۆژی یەکەمی خۆپیشاندانەکەدا خەڵکیان هان داوە بچنە سەر بارەگاکانی حزبی پارتی، بەرد و گوللە بگرنە بارەگاکان و هاووڵاتیان بریندار بکەن و بکوژن! ئەوەیش خۆی لە خۆیدا شکستە بۆ گۆڕان، ئەو کینەیەی لە حکوومەت و پارتی هەیبووە، ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان پێی وا بێت مووچەی فەرمانبەران لە ناوچەیەکی حزبییەوە دەدرێت، ئەوە زۆر زۆر هەڵەن، مەگەر خۆیشیان نازانن کادیرەکانی پارتی 5 مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە! بارەگای حزب هەیە 11 مانگە کرێیەکەی نەداوە، کەواتە ئەوان داوای مووچە لە کێ دەکەن؟ ئەگەر شکەستیان نەخواردووە با بچن لە وەزارەتی دارایی داوای مووچە بکەن، کە بە دەست خۆیانەوەیە."
گوتیشی: "هێزە ئەمنییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی تاوانبار دەکەم بەوەی کە نەیانتوانیوە بارەگای پارتی بپارێزن، پارێزگار کە بەرپرسی یەکەمە، دواتریش هەڵسووڕاوانی گۆڕان ئەوانەی کە پۆستیان هەیە، هەندێک لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، هەندێک لەناو پەرلەماندا، کە خۆپیشاندانەکەیان ئاراستە کردووە، بەپێی پەیڕەو و پرۆگرامی ناوخۆی ئەنجوومەنی پارێزگا، ئەندامی ئەنجوومەن بۆی نییە خۆپیشاندان ئاراستە بکات، هەر ئەمە خۆی لە خۆیدا پێشلکردنی یاسایە، لە کاتێکدا لە هەردوو پارێزگاکەی دیکەدا حکوومەت جێگەکانی دەپارێزێت، کەواتە ئێمە توانیومانە ئەوان بپارێزین بەڵام ئەوان ئەوەیان نەکرد، بۆیە دەبێت ئەوانە لێپێچینەوەیان لێ بکرێت و، ئەوانەی خەڵکیان هان داوە بدرێنە دادگا و سزا بدرێن، کە بوونەتە خوێنیی منداڵ، ئەوانەی بەکار هاتوونە بۆ خۆپیشاندانەکان زۆربەیان منداڵکارن."
(مینا) سەبارەت بەوەی کە گۆڕان و لایەنەکانی دیکە دەڵێن، پارتی لە سنووری سلێمانیدا دەسەڵاتی نییە، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوە شکستی بزووتنەوەی گۆڕانە، ئەمەیش کارتە بەکاری دەهێنن؛ لەو ساڵەی کە ناویان ناوە ئارامی، تێکیان دا و کە کۆمەڵێک شت بەرامبەر بە ئێمە لە سلێمانی کراوە و، بە بەڵگەیش سەلمێنراوە، پارتی لە سلێمانی نەک تەنیا بەڕێوەبەرێکی نییە، بەڵکو بەرپرسی هۆبەیەکیش نین، فەرمانبەرێک لەسەر ئەساسی ئەوەی کە پارتیە دەر دەکرێت و فەسڵ دەکرێت، کەواتە لە سلێمانی هیچ شتێکمان بە دەستەوە نییە تا خۆپیشاندەران ڕوو لە ئێمە بکەن،کەواتە یەکێتیی نیشتمانی کە پارێزگاری سلێمانی لەوانە، بەرپرسە لە ئەمن و ئاسایشی پارێزگاکە و دەبێت ئەوان ئەو بەرپرسیارەتییە بگرنە ئەستۆ.
ڕابین شێروانی




