عهلی حوسێن: ئەگەر هۆكاری هێوركردنەوەی دۆخەكە نەباین، ئەوا خەڵكی تووڕەبوو هەڵویَستی زۆر تووندیان دەنوواند

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی لقی 2ی پارتیی رەتی دەكاتەوە هەوڵی هێرشكردنە سەر بارەگا گۆڕان درابێت و دەڵێ، ئەم دەنگۆیانە دوورە لە راستییەوە؛ نە پارتی لەسەر ئەم ئەساسە دامەزراوە و نەیش ئەم رەفتارانەیش ئەخلاقی كاری سیاسی پارتین.
میدیا سێبەر و حزبەكانی لایەنێكی دیاریكراو بڵاویان كردووهتەوە كە گوایە" بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری هەولێر ئەندام و كادیرانیان كۆكردۆتەوە و رێنمایان كردوون و ئامادەكاریان كردووە بۆ هێرش كردنە سەر بنكەو بارەگا حزبیەكانی بزوتنەوەی گۆڕان."
پێوەست بهم پرسه (عەلی حوسێن) بەرپرسی لقی 2ی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە شاری هەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند" دەكری ئەم پرسیارە لە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان بكرێت كە لە هەولێر چۆن پارێزراون لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە، دوێنێ شەویش خۆم چومە پێش بارەگاكەیان و قسەم بۆ ئەو خەڵكە كرد كە لەوێ كۆببونەوە، بۆیە ئەم وتانەی كە باسكراوە دوورە لە راستییەوە، ئەگەر هێزە ئەمنیەكان و بەرپرسانی پارتی لە هەولێر خەڵكی هێور نەكەنەوە، خۆ نەوەك هەر لەهەولێر بەڵكو بەرەو مەكۆی گۆڕانیش دەچن لە سلێمانی، بەڵام ئێمە نامانەوێ رەفتاری لەمشێوهیه بكەین و دەمانەوێت بەئارامی و هێمنی داواكاری و خۆپێشاندان بكرێت و لە هاندان و بەلارێدابردنەكانی بزوتنەوەی گۆڕان جیابكرێتەوە. ئەم دەنگۆیانە دوورە لە راستیەوەو نەپارتی لەسەر ئەم ئەساسە دامەزراوەو نە ئەم رەفتارانەش ئەخلاقی كاری سیاسی پارتین."
(حوسێن) گوتیشی " ئەگەر ئێمە وەكو بەرپرسانی پارتی هۆكاری هێوركردنەوەی دۆخەكە نەباین ئەوا خەڵكی تووڕەبوو لە سەرجەم ناوچەكان هەیەو هەڵویستی زۆر تووندیان بەرانبەر بەو دەست درێژیانەی سەر بارەگاكامان دەنوواند. سیاسەتی پارتی ریزگرتنە لە هەموولایەنە سیاسیەكان و هەوڵ دەدەین بە گفتوگۆ و گرفتەكان چارە بكرێت. رێگری بكەین كە داخوازی و مافی خەڵكی تیكەڵ بە مەرامی سیاسی و دەستكەوتی سیاسی بكرێت."
بەرپرسی لقی 2ی پارتیی ئاماژەیشی دا كە " ماوەیەكە بزووتنەوەی گۆڕان دەستی بە بڵاوكردنەوەی هەواڵی نادروست و هەڵخەڵەتاندنی خەڵك و خۆڵكردنە چاوی خەڵك كردووە، لە دەڤەری سلێمانی و پشدەر و گەرمیان ئاراستەی خۆپێشاندانەكان گۆڕدراوە و بەمانە ناوترێ خۆپێشاندان، كە هەموویان میردمنداڵن و بزووتنەوەی گۆڕان ئاراستەی كردوون بۆ پشێوی و ئاژاوە."
سەرباز واحید




