٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"زۆنی سەوز بۆ ئێمە بووە بە زۆنی سوور..ئه‌مه‌ هێرشكردنه‌ نه‌وه‌ك خۆپیشاندان"

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info-  سەرۆكی لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێ، مەترسییەکی زۆر هەیە كە هێرش بكرێتە سەر بارەگای لقی چواری پارتی لە سلێمانی و ئێستا زۆنی سەوز بۆ ئێمە بووە بە زۆنی سوور.

(زیاد كاكەڕەزا) سەرۆكی لیستی پارتیی لە ئەنجومەنی پاریزگای سلێمانی، لە ناو بارەگای لقی چوارەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "مەترسی زۆر هەیە كە هێرش بكرێتە سەر بارەگای لقی چواری پارتیی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی و ئێستا زۆنی سەوز بۆ ئێمە بووە بە زۆنی سوور، ئاساییش و پۆلیس لە چواردەوری لقی چوارن و نازانین تا چ ڕادەیەك پارێزگاری لە بارەگاكەمان دەكەن، بەڵام ئێمەیش لە بارەگای لق خۆمان ئامادە كردووە بۆ هەموو پێشهاتێك."

(كاكەڕەزا) ئاماژەیشی دا كە "لە ڕێی كەناڵە حزبی و سێبەرەكانی بزووتنەوەی گۆڕانەوە هانی خەڵك دەدرێت و، دەموچاوی هەڵسوڕاو و كادیرانیان لەناو خۆپێشانەران بە ڕوونی دیارە، ئەها دوێنێیش ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر لیستی گۆڕان بەناوی (هاوسەر) لەناو خۆپێشاندانەكان بوو بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ڕاگەیاندنەكانیش دەكرد لەمە بەڵگەی زیاتر دەبێ چی بێ."

سەرۆكی لیستی پارتیی لە ئەنجومەنی پاریزگای سلێمانی ڕوونیشی كردەوە كە "زیاتر لە مانگێكە لەلایەن دەستی حزبیەوە جەوەكە بۆ ئەمڕۆ ڕێك دەخرێت و، داوای خۆپێشاندان دەكرێت، بەڵام هەموو هەدەفەكان بنكە و بارەگاكانی پارتیی دیموكراتی كوردستانە لە دەڤەری سلێمانی. وەك چۆن دوێنێ بەچاوی خۆمان بینیمان كە بنكەو بارەگای پارتی لە قەڵادزێ و ژاراوە و سەنگەسەر و حاجیاوە و چوارقوڕنە كەوتنە بەر شاڵاوی دەستدرێژی و بەردباران؛ بەرپرسانی پارتی لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن زۆر بە ڕوونی و بەبێ پەردە لایەنی بکەر و هاندەری ئەم دۆخەیان ناو برد. ئێستایش لە دەڤەری سلێمانی تەنها و، تەنها ترس لەسەر بارەگاكانی ئێمە هەیە. ئەمە هێرشكردنە نەوەك خۆپێشاندان."

سەرباز واحید

 

هەواڵی پەیوەندیدار