٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتی لەسلێمانی: زۆر بەداخین گەنج دەبنە قوربانیی مەرامی سیاسیی هەندێك لایەن.. پاراستنی بارەگاكانمان لە ئەستۆی ئیدارەی ناوچەكەیە

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info-  گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی دەڵێ، ئەو خۆپیشاندانانەی دەكرێن بۆ داواكاریی خەڵك نییە، بەڵكە بۆ مەرامی حیزبیی هەندێك لایەنە و، نامەیەكە بۆ شكاندنی پارتی لە ناوچەكەدا، بۆیە پاراستی بارەگاكانی پارتی لە ئەستۆی ئیدارەی ئەو ناوچانەیە.

گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی (فارس نەوڕۆڵی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێمە وەكو پارتی لە سلێمانی پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی شەهیدان دەكەین و، زۆر بەداخین كە هەندێك گەنج دەبنە قوربانی بۆ مەرامی سیاسیی هەندێك لایەن، چونكە سەرەتا خەڵك داواكاریی مووچەی دەكرد، ئێمە 100% پشتگیریمان كردن و لەگەڵ داواكاریی ئەوانین، بەڵام ئەمەی دەكرێت و هێرش دەكرێتە سەر بارەگاكانی پارتی، ئەگەر پارتی هۆكارێك بێت، پێویستە لایەنەكانی دیكەیش بە هەمان شێوە هۆكار بن، جێی سەرسووڕمانە بۆ تەنیا هێرش دەكرێتە سەر بارەگاكانی پارتی، بەڵام ئەمە نامەیەكە بۆ شكاندنی پارتی لەو ناوچانە".
گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی گوتیشی، هێرشكردنەسەر بارەگاكانی پارتی بەردەوامە و، ئەمەیش داواكاریی خەڵك نییە، چونكە ئەگەر ئەوان چوار مانگ مووچەیان وەرنەگرتبێت، كادیرانی پارتیی پێنج مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە.


دەشڵێت: "ئێمە هەست بەوە دەكەین ناوچەكە بە دۆخێكی مەترسیداردا تێپەڕ دەبێت، ئەگەر نا ئێمە دەتوانین 200 كادیر كۆ بكەینەوە و هێرش بكەنە سەر بارەگاكانی گۆڕان و بڵێن دارایی لە دەست ئێوەدایە، وەلێ ئێمە نامانەوێت دۆخەكە ئاڵۆزتر بێت، لەبەر ئەوەی كوردبوون بۆ ئێمە گرینگرترە".


(نەوڕۆڵی) ڕوونیشی كردەوە: "پاراستی بارەگانی ئێمە لە ئەستۆی ئیدارەی ئەو ناوچانەیە، بۆیە هەر ڕووداوێك ڕوو بدات، ئەوان لێی بەرپرسیارن".
ئەوەیشی خستە ڕوو، لە ئێستادا لە سلێمانی لە بەردەركی سەرا خۆپیشاندان دەستی پێ كردووە.

بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار