بەشارەتی: هێرشكەران ناسراون.. لایەنە ئەمنییەكان رۆڵی خۆیان نەبینیوە

هەڵەبجە-KDP.info- بەرپرسی لقی 12ـی پارتی لە هەڵەبجە دەڵێت، هێرشكردنەسەر بارەگای پارتی لە سەیدسادق، لەلایەن ئەندام و لایەنگرانی لایەنێكی سیاسییەوە ئاشكران و تاوەكو ئێستایش هێرشەكە بەردەوامە و، لایەنە ئەمنییەكانیش لە كاتی پێویستدا رۆڵی خۆیان نەبینیوە.
بەرپرسی لقی 12ـی پارتیی دیموكراتی لە هەڵەبجە (فازڵ بەشارەتی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "خۆپیشاندانەكان پێشتر وەها ئاسانكارییان بۆ كراوە كە خەڵكی بخەڵەتێنن بە خۆپیشاندان بۆ مووچە و پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەمە راست نییە، بۆ مەرامی سیاسییە و دەستێكی سیاسیی لە پشتەوەیە كە زۆر ئاشكرایە و، ئەندام و لایەنگرانی ئەو لایەنە، بارەگاكانی پارتییان كردوونەتە ئامانج و دۆخەكە زۆر ئاڵۆز بووە و هێرشكردنەسەر بارەگای پارتییش لە سەیدسادق، زۆر چڕ بووەتەوە و ژمارەیەك كەسیش بریندار بوون".
(بەشارەتی) گوتیشی: "ئێستا هێزە ئەمنییەكان و قایمقامی سەیدسادق لەوێن، بەڵام پێشتر نەیانتوانیوە رۆڵی خۆیان ببینن و لەكاتی پێویست ئامادە بن، چونكە كاتێك هێرش گەییشتووەتە بەردەم ناوچەی پارتی، ئەوكات گەییشتوون".
بڵند ئیبراهیم






