لقی پارتی لە چەمچەماڵ: دهنگۆی ئهوه ههیه، خۆپێشاندان ساز بدرێ و هێرش بكرێته سهرمان

چەمچەماڵ-KDP.info- بەرپرسی لقی 19ـی پارتی لە چەمچەماڵ دەڵێت، دهنگی ئهوانیش لهگهڵ دهنگی خۆپێساندهرانه، بەڵام خۆپیشاندانەكان بە ئاڕاستەیەكی دیكەدا رۆییشتوون و لایەنێكی سیاسی لە پشتەوەیە، كە هەم لە حكوومەتدایە و هەمیش خۆپیشاندانەكان دەكات و دۆخەكە ئاڵۆز دەكات.
(د.فەرهاد كەركووكی) بەرپرسی لقی 19ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە چەمچەماڵ، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "كە خۆپیشاندان دەكرێت، داواكارییەكان ئاڕاستەی حكوومەت دەكرێن و حكوومەتیش لە پێنج حیزب پێك دێت كە پۆستە حكوومییەكانیان لە دەستدایە و داواكارییەكانیش رەوان، بەڵام خۆپیشاندانەكان بە ئاڕاستەیەكی دیكەدا رۆییشتوون و لایەنێكی سیاسی لە پشتەوەیە، كە هەم لە حكوومەتدایە و هەمیش خۆپیشاندانەكان دەكات و دۆخەكە ئاڵۆز دەكات، بۆیە ئێمە پێمان خۆش نییە كەس بكوژرێت و جەرگی دایكی هیچ كەسێك بسووتێت، بەڵام ئەوان خەڵكێك دەنێرن بۆ سەر خەڵكێكی دیكە و ئەوانەی دەشكوژرێن و ئەوانەی دەبنە هۆكاریش، ئەوانیش دەبنە بكوژ".
(كەركووكی) گوتیشی: "ئێمە لەگەڵ توندوتیژیدا نین، بەڵام ئاشكرایە پرسەكە تێكدانی دۆخی هەرێمی كوردستانە و دەستێكی ئاشكرای دەرەكی لەم دۆخەدا هەیە و، هیچ پەیوەندی بە پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمەوە نییە، چونكە ئەگەر خەڵك مووچەی دەوێت چ پەیوەندی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، لەبەر ئەوەی من خۆم كادیری حزبم چوار مانگە مووچەم وەرنەگرتووە و10مانگە پارە بۆ لقەكەمان نەهاتووە، منیش كێشەم هەیە، بەڵام ئەوەی كە دەكرێت بۆ تێكدانی دۆخی هەرێمی كوردستانە".
دەشڵێت: "ئەگەر دۆخی هەرێمی كوردستان تێك بچێت، مەترسیی داعشیش زیاتر دەبێت، بۆیە پێویستە دهستهڵاتدارانی ناوچهكه، بە هەموو هێزێكیانەوە بەرگری لە بارەگاكانی پارتیی دیموكراتی كوردستان بكەن، چونكە بارەگانی هەموو حیزبەكان لە پارێزگاكانی دیكە پارێزراون".
(كەركووكی) ئەوەیشی خستە ڕوو كە، "تاوەكو ئێستا هیچ مەترسییەك لەسەر بارەگاكانمان نییە، بەڵام دەنگۆی ئەوە هەیە دوای نیوەڕۆ هێرش بكرێتە سەر ئێمە و، ئەمەیش دەنگێكی لاوازە و، لە فەیسبووك خەڵكێك هان دەدرێن هێرش بۆ سەر بارەگای لقی 19ـی پارتی لە چەمچەماڵ بكرێت".
بڵند ئیبراهیم




