40 كەس لە ترسی داعش خۆیان ڕادەستی پێشمەرگە كرد

مەخموور-KDP.info- جێگری سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور - گوێڕ رایدەگەیێنێت، تیرۆریستانی داعش لەبەر كەمبوونەوەی چەكدارەكانیان بە زۆری خەڵكی بانگ دەكەن بۆ ریزەكانیان، بۆیە ئەو خەڵكەیش ڕادەكات و خۆیان رادەستی هێزەكانی پێشمەرگە دەكەن.
(د. ئاراس حەسۆ میرخان) جێگری سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور – گوێڕ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئەمڕۆ ژمارەیەك كەس لە سنووری ژێر دەسەڵاتی تیرۆریستانی داعش خۆیان ڕادەستی هێزی پێشمەرگە كرد كە كاتی خۆی پۆلیس بوونە و تۆبەنامەی تیرۆریستانی داعشیان پڕ كردووەتەوە".
(د. ئاراس) دەیشڵێت، بە هۆی ئەوەی داعش لە قەیراندایە و چەكداری زۆری نەماوە، هەڵمەتێكی زۆرەملێی لەو ناوچانە دەست پێكردووە كە لەژێر دەسەڵاتی خۆیدان و، پیاوان و گەنجان بەزۆر دەكاتە چەكدار، بەو هۆیەیشەوە خەڵك لەو ناوچانە لە ترسی تیرۆریستانی داعش هەڵدێن و خۆیان رادەستی هێزی پێشمەرگە دەكەن.
جێگری سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور - گوێڕ زیاتر گوتی: "لە ماوەی ئەم حەفتەیەدا و لەو سنوورە، 40 كەس خۆیان ڕادەستی هێزەكانی پێشمەرگە كردووە".
نەشوان بەرزنجی




